ناس کورد-
پاش ئەوەی پیاوێکی ئەرجەنتینی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەستی تیمی ئەو ئەمبڵانسە هەڵدێت کە خۆی پەیوەندی پێوەکردبوون، نەخۆشخانەکە ناچار دەبێت هانا بۆ پۆلیس ببات بۆ ئەوەی نەخۆشە هەڵاتووەکە دەستگیر بکەن.
.
پیاوێکى خەڵکی وڵاتی ئەرجەنتین، دانیشتووی شاری بۆینس ئایرس، پاش ئەوەی پەیوەندی بە نەخۆشخانەوە دەکات بۆ ئەوەی بێن بە هانایەوە کە پلەی جەستەی بەرزبووەتەوە و گومانى ئەوە لە خۆی دەکات کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، لە دەستی تیمی ئەمبڵانسەکە هەڵدێت.
.
ئاماژە بەوەکراوە، پاش ئەوەی تیمی ئەمبڵانسەکە دەگەنە شوێنی نیشتەجیبونی پیاوەکە بەخێرایی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام کاتێک ئەمبڵانسەکە دەگاتە بەردەم دەرگای نەخۆشخانەکە و تیمەکە ئامادە دەبن بۆ ئەوەی نەخۆشەکە لە ئەمبڵانسەکە دابگرن پیاوەکە دەرفەت دەدۆزێتەوە وبەکتوپڕی لە دەستی تیمی ئەمبڵانسەکە هەڵدێت.
.
لەئاکامی هەڵاتنی پیاوەکە، ئیدارەی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەن، پاش ڕاونان وتەراتێنێکی زۆر لە شەقامەکانی شاری بۆینس ئایرس، پۆلیس لە دوایدا توانی پیاوەکە دەستگیربکات و تۆمەتی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ وهەڵاتن لە دەستی تیمە تەندروستییەکانی ئاڕاستەکرد، پاشانیش لە چوارچێوەی ڕێکاری ئەمنی توندا پیاوەکەیان ڕادەستی نەخۆشخانەکە کردەوە.
.
لە 20 ئاداری ڕابردوودا قەدەغەی هاتوچۆ لە وڵاتی ئەرجەنتین چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، پۆلیسی ئەو وڵاتەش تائێستا بە تۆمەتی شکاندنی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ زیاتر لە 40 هەزار کەسی دەستگیرکردووە.
لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئەرجەنتین کە دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای لاتینییەوە دووهەزار و500 کەسە و108 کەسیش بە هۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکەوە مردون .
.
https://twitter.com/i/status/1249803849621176328
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە