ناس کورد-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بڕیاری دا یارمەتییە داراییەکانى وڵاتەکەى بۆ ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى هەڵپەسێرێت و تۆمەتباریکرد بە "خراپ بەڕێوەبردنى" قەیرانى کۆرۆنا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت.
.
تڕەمپ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا لە کۆشکى سپى وتى، "فەرمانمکردووە بە هەڵپەساردنى یارمەتییە داراییەکان بۆ ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى و پێداچوونەوە دەکەین بە ڕۆڵى ئەو ڕێکخراوە لە خراپ بەرێوەبردنى قەیرانى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا".
.
تڕەمپ چەندین تۆمەتى ئاڕاستەى ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کرد و وتى، "جیهان زۆر زانیارى هەڵەى پێگەیشتووە لەبارەى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە و گیان لەدەستدان بەهۆى توشبوون بە کۆرۆناوە".
.
ئەمریکا گەورەترین یارمەتیدەرى دارایی ڕێکخراوى تەندروستى جیهانییە و ساڵى ڕابردوو بەبڕى 400 ملیۆن دۆلار هاوکارى پێشکەش کردووە.
.
ترەمپ وتى، "ئێستا گفتوگۆى ئەوە دەکەین کە چیکراوە بە هەموو ئەو پارەیەى کە ڕەوانەى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى کراوە".
.
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ هێرشدەکاتە سەر ئەو ڕێکخراوە و تۆمەتباریکردووە بە لایەنگرى بۆ چین و تێوەگلان لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ ڕانەگەیاندنى زانیارییەکان بە شەفافى لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کە لە شارى ووهان بڵاوبووەوە و دواتر جیهانى گرتەوە.
.
ترەمپ باسى لەوەکرد، ئەگەر ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى شارەزاى پزیشکى ڕەوانەى چین بکردایە بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە بەشێوەیەکى بێلایەنانە و ناشەفافى چینى ئاشکرابکردایە، دەکرا کۆنترۆڵى بڵاوبوونەوى کۆرۆنا بکرێت لەسەرەتادا.
.
بڕیارەکەى ترەمپ کاردانەوەى لێکەوتەوە و سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێستا کاتى بڕیارى لەو شێوەیە نەبووە.
.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە بەیاننامەیەکدا وتى، "پێویستە پشتیوانى ئەو ڕێکخراوە بکرێت لە هەوڵەکانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و سەرکەوتن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە