ناس کورد-
لەكاتێكدا زۆر كەس پرسيارى ئەوەيان لا دروست بوە كە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە دەوڵەتە پێشكەوتوەكانى وەك ئەمريكا و دەوڵەتاتى ئەوروپا بەو شێوە فراوانە بڵاوبوەتەوە ئەو وڵاتانە كەى دەگەڕێنەوە ژيانى ئاسايى، شارەزايان باس لەوەدەكەن هێشتا "خەوى ناخۆش" ى ڤايرۆسەكە لە زۆر وڵات دەستىپێنەكردوە.
،
بەشێكى مەترسيەكە ئەوەيە كە ژمارەيەكى زۆر وڵاتى جيهان پێداويستى تەواويان نييە بۆ شەڕى دژى كۆرۆنا، هەروەها ناتوانن پشت بە دەوڵەتە پێشكەوتوو و دەوڵەمەندەكانى جيهانن ببەستن بۆ هاوكاريكردنيان، چونكە هەوڵە نێودەوڵەتيەكانى و سەركردايەتيەك لە دژى قەيرانە تەندروستيەكە بوونى نييە و وڵاتە پێشكەوتوەكان تەنها سەرقاڵى چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردنى قەيرانەكەن لە ناوەوەى سنورەكانى خۆيان.
،
ڕۆژنامەى "نيويۆرك تايمز"ى ئەمريكى پرسيارى ئەوە دەكات، چى لەو وڵاتانە ڕودەدات كە مليۆنان دانيشتوانيان هەيە و تەنها چەند ئامێرێكى هەناسەدانى دەستكرديان هەيە؟
،
جگە لە ئێران سەرجەم ئەو وڵاتانەى جيهان كە گيرۆدەى دەستى پەتاكەن ئەوانەن كە بە بەهێزترين وڵاتە ئابوريەكانى جيهان دادەنرێن و دامەزراوەى زانستى و خزمەتى پزيشكیى پێشكەوتويان هەيە.
،
لەئێستادا ئەوەى جيهان چاوەڕێى دەكات بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنايە لەو وڵاتانەى كە كێشمەكێشيان تێدايە، بەتايبەتى لەناو ئەو خێوەتگانەى پڕن لە ئاوارەكان و ناوەندەكانى دەستگيركردن لە وڵاتەكانى وەك سوريا و بەنگلاديش، ياخود لە شارە زۆر قەرەباڵغەكانى وەك مۆمباى و ڕيۆدى جانيرۆ و لەو وڵاتانەى كە تواناى دارايى و تەندروستيان نييە بۆ وەڵامدانەوەيەك كە بەردەوام بێت.
،
تائێستا ناوچە زۆر لاوازەكان تەنها چەند حاڵەتێكى كەميان ڕاگەياندوە، وەك يەمەن كە تەنها يەك حاڵەتى توشبون بە ڤايرۆسەكە تێيدا ڕاگەيەنراوە هەروەها ژمارەيەك لە وڵاتاتى ئەفريقا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستيش، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ڕاپۆرتەكان باوەڕپێكراو نين و بە ئەنقەست ژمارەى توشبوان دەشاردرێتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەكان هەر لە زيادبوندان، هەروەك هەموو جيهان دەزانن ژمارەكان زۆر بەخێرايى بەرزدەبنەوە.
،
گروپى قەيرانە نێودەوڵەتيەكان دەڵێت، زۆر قورسە پێشبينى كاريگەريەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەو ناوچانە بكرێت، بەڵام ئەگەر ڤايرۆسەكە لەو ناوچانەى كە ژمارەيەكى زۆر دانيشتوانيان هەيە و ناسەقامگيرن بڵاوببێتەوە، ئەستەمە كە كۆنترۆڵ بكرێت.
،
نيويۆرك تايمز چەند زانياريەكى بڵاوكردوەتەوەو باسى لەوەكردووە، لە وڵاتێكى وەك ئەمريكا 160 هەزار ئامێرى هەناسەدانى دەستكرد هەيە، بەڵام وڵاتێكى وەك سييراليۆن تەنها 13 ئامێرى هەيە، سودان تەنها 4 و كۆمارى ئەفريقاى ناوەڕاست تەنها 3 ئامێر.
،
هەروەها وڵاتێكى وەك فەنزويلا 90%ى نەخۆشخانەكانى بەدەست كەمى پێداويستيەوە دەناڵێنن و تەنها 84 قەرەوێلەى هەيە لە ناوەندەكانى چاودێرى ورد، لەكاتێكدا كە ژمارەى دانيشتوانى 32 مليۆن كەسە.
،
ديڤيد ميلباند، سەرۆكى ليژنەى خاچى سور دەڵێت: "ئەو وانەيەى لەم قەيرانە فێر دەبين ئەوەيە كە لاوازترين پەيوەندى لە زنجيرەى تەندروستى جيهانيدا مەترسى لەسەر تەرندروستى لە هەموو لايەك دروست دەكات".
،
دەشڵێت: "ناتوانين بەرگەى ئەو پەيوەنديە لاوازە بگرين و پێويسە هەوڵەكان بەهێز بكەين لەو دەوڵەت و كۆمەڵگايانەى كە شەڕ پارچە پارچەى كردون، بۆ ئەوەى دەرفەتى ژيان بەرز بكەينەوە".
،
نيويۆرك تايمز بابەتەكەى بەوە كۆتايى پێهێناوە، داوا لە ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە و دەزگاكانى ڕاگەياندن و زانكۆ و ڕێكخراوە ناحكوميەكان دەكات كە تەركيز بخەنە سەر ستراتيژێكى تايبەت بۆ بەرەى داهاتوو كە زۆر توندتر دەبێت لە شەڕى دژى كۆرۆنادا، ڕێكخراوەكان لاى خۆيانەوە هەستيان بەوە كردوە و كە ئەم قەيرانە بەرخودانى ئەم چاخەيە و جيهان پێويستى بە وەڵامدانەوەيەكى نێودەوڵەتيە لەم كاتەدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە