گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە یادی ئەنفالدا سێ سەرۆکایەتییەکە باسی دادگاییکردنی جاش و موستەشارەکانیان نەکرد.. بۆچی؟

2020.04.14 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
لە یادی ئەنفالدا سێ سەرۆکایەتییەکە باسی دادگاییکردنی جاش و موستەشارەکانیان نەکرد.. بۆچی؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز   لەگەڵ بەردەوامی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو هیج مەراسیمێک بۆ یادی ئەنفال نەکرایەوە، هەرچەندە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم ڕاگەیەندراویان لەوبارەیەوە هەبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسیان لە بەسزا گەیاندنی بەشداربووانی تاوانەکانی ئەنفال نەکرد. ، لە یادی 32 سالەی ئەو تاوانەدا نەک تەنها سێ سەرۆکایەتییەکە، بەڵکو لیژنەی کاروباری شەهیدان و پەرلەمانیش باسیان لەو پرسە نەکردووە، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، بیریان چووە ئەو خاڵە بنوسن،  ڕزگاربوویەکی ئەنفالیش پێیوایە، هیچ کام لەو لایەنانە لەبیریان نەچووە، بەڵکو بەمەبست باسیان لەو بابەتە نەکردووە، دەشڵێت: "ئێمە لە جاش و مستەشارەکان خۆشنەبووین، تا حکومەت لێیان خۆشبێت". ،

ڕاگەیەندراوی سێ سەرۆکایەتییەکە و لیژنەی کاروباری شەهیدان لە پەرلەمان

، لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا هەریەک لە نێچرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ ئاماژەدان بە گەورەیی کارەساتی ئەنفال، ڕایانگەیاند کە ده‌بێت هەوڵ بدرێت به‌هيچ شيوه‌يه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكى ديكه‌ ‌ گه‌لى كوردستان ڕووبه‌ڕووى ئه‌و تاوانكارى و جينۆسايده‌ ببنه‌وه‌. ، لە راگەیەندراوەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە ده‌بێت ده‌وڵه‌تى عێراقيش وه‌ك ئه‌ركى ياسايى و ئه‌خلاقيى خۆى، ئاوڕێكى جددى له‌ كه‌سوكارى قوربانييان بداته‌وه‌ و قه‌ره‌بوويان بكاته‌وه‌ و داوای لێبوردنیشیان لێبکات، هەروەک بەردەوامیش دەبن لەسەر هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان. ، لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال داوای بە سزا گەیاندنی ئەو کەسانە دەکەن کە دەستیان هەبووە لەو تاوانەدا و بە "جاش و مستەشار" ناویان دەبەن، بەڵام هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بەهیچ شێوەیەک باسیان لەو پرسە نەکردووە، جگە لەوە لە راگەیەندراوی لیژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستانیش داوای بەسزا گەیاندنی ئەو کەسانە نەکراوە. ، لەوبارەیەوە، سەوسەن میرخان، سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت: "ئێمە داوای لێبوردن دەکەین، ئەوە بەمەبەست نەبووە و هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات و شتی لەبیر دەکات، ئێمەش لەبیرمان کردووە باس لەو خاڵە بکەین". ، وتیشی: "ئێمە هەموو کات داکۆکی لەوە دەکەین لە مافی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و  جەختدەکەینەوە دەبێت هەموو ئەو کەسانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون دادگایی بکرێن و هەوڵی بۆ دەدەین".   ،

کەسوکاری ئەنفال چی دەڵێن؟

، تەیمور عەبدوڵڵا، تاقانە گەرمیانییەکەی ئەنفال و ناسراو بە تەیموری ئەنفال پێیوایە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و لیژنەکەی پەرلەمانیش بەمەست باسیان لەو بابەتە نەکردووە، دەشڵێت، ئەوان هیج کات لە "جاش و مستەشارەکان" خۆش نابن. ،   تاقانە گەرمیانییەکەی ئەنفال بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "زۆرینەی جاش و مستەشارەکان ئێستا دەسەڵاتدارن یاخود سەرۆکی عەشیرەتن، بۆیە حکومەت خۆی بەرگرییان لێدەکات و دەیانپارێزێت، ئەوان بیریان نەچووە، بەڵکو بەمەبەست باسیان نەکردووە، چونکە هەرخۆیان دەسەڵاتیان پێدان و ئەوانیان پێش کەسوکاری ئەنفال خست". ، وتیشی: "من و هیچ یەکێک لە کەسوکاری ئەنفال لە جاش و مستەشارەکان خۆشنەبووین، تاوەکو ئەوان باسیان نەکەن، چەندین ساڵە کەسوکاری ئەنفال لە ژیانێکی سەختدا دەژین و چاوەڕوانی ئەوەن ئەو کەسانەی تاوانبارن لەو کارەساتەدا دادگایی بکرێن، بەڵام  ئەوەتا گەیشتە ئەوەی تەنانەت لە ڕاگەیەندراوەکانیشیاندا باسی نەکەن". ، ئەو کە تاکە ڕزگاربووی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەماوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: "بەداخەوە کەسوکاری ئەنفالیش کەمتەرخەمن و بێدەنگن لەوەی بەرامبەریان دەکرێت، چونکە ئەوە هەموو ڕۆژێک مردنێکە کە ئەو کەسانە دۆخیان باشترە لە کەسوکاری ئەنفال و کەسوکاری ئەنفال هەیە تەکلیف لە مستەشارێک دەکات مامەڵەیەکی بۆ بەڕێ بکات، یاخود چاوەڕوانە دایمەزرێنێت". ، تاقانە گەرمیانییەکەی ئەنفال باسی لەوەشکرد: "من کە یەکێکم داکۆکی لە مافی کەسوکاری ئەنفال دەکەم، دژایەتی دەکرێم و هەوڵدەدەن بێدەنگم بکەن، تەنانەت دەچن دەڵێن، تەیمور ڕزگاربووی ئەنفال نییە و ڕاست ناکا، بەڵام من بەردەوام دەبم لەسەر کارەکەم و پێویستە ئێمەی کەسوکاری ئەنفال چاوەڕوانی حکومەت نەکەین، بەڵکو خۆمان هەوڵبدەین ئەنفال لە جیهاندا بە جینۆساید بناسێنین، حکومەت ئەوەی ویستی بە ئەنفال بەدەستی هێنا".  

"بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە پێویستە جاش و مستەشارەکان دەسگیربکرێن"

، هاوکات دیاری ئەنوەر، ئەندامی سەربەخۆ لە لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کورد وتی: "زامەکان تەنها بە قسە ساڕێژ نابن، پێویستە لە یادی ئەنفال دا با جاش و مستەشارەكان دەستگیربكرێن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبێتەوە و دەشبێت حكومەت بەڕاستی ئاوڕێك لە كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان بداتەوەو خزمەتیان بكات". ، وتیشی، لە یادی ئەنفال دەبێت بە جدی حكوحەتی هەرێم هەوڵی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال بدات لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی سەرەكی پەرلەمانیشە یاسایەك دەربكات كە شایستەی كەسوكاری ئەنفالكراوان بێت".   ،،   ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی  نیسانی 2020، 32 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کارەساتی ئەنفال کە ڕژێمی بەعس بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی کوردستانیدا هێنا و تیایدا زیاتر لە 182 هەزار کەس لە ژن و منداڵ و پیاو جینۆساید کران و تەنانەت زۆرێکیان بە زیندووی خرانە گۆڕی بە کۆمەڵەوە، جگە لەوەی بە هەزاران گوند خاپور کران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە