ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان داواى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى ورد دەکات لە "بەشداریکردنى پێشمەرگەى ڕۆژ" لە هێرشى سەربازى گروپەکانى تورکیا بۆ سەر هێزەکانى سوپاى لیبیا.
.
لەچەند رۆژى رابردوودا لیوا ئەحمەد مسمارى وتەبێژى سوپاى لیبیا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ناسنامەى کەسێکى ئاشکراکرد کە بەوتەى ئەو کوردە و لەلایەن پێشمەرگەی لەشكری ڕۆژەوە ڕاهێنانی پێكراوە، بۆ شەڕ دژ بە سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانیان ڕەوانەى لیبیا کراوە، بەڵام پێشمەرگەى ڕۆژ ڕەتیکردەوە ئەو کەسە پەیوەندى بەئەوانەوە هەبێت.
.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکانى کردووە داوا دەکات، لێكۆڵینەوەى ورد بكەن و ئەم ھێزە ھەڵبوەشێنرێتەوە و ڕەوانەی ڕۆژئاوا بكرێتەوە.
.
هەروەها دەڵێت"دەبێت حكومەتی ھەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەرپرسیارێتی ئەوە ھەڵگرن كە كوردی ڕۆژئاوا بنێرن بۆ شەڕ و لەوێ بگیرێت و ناو و ناوبانگی كورد وەك تیرۆریست بڵاوبێتەوە لە کاتێکدا دەبێت ڕەوانەکردنی ھێز بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستانی ھەبێت".
.
ئەو پەرلەمانتارە داواى لە حکومەتی ھەرێم کردووە، بە فەرمی ڕوونکرنەوە بدات، "پێویستە لێپرسینەوەی جدی بكرێت لە سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ .. لەبەرامبەر ئەوەی سومعەی كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكانەوە لەكەدار كراوەو وەك (مورتەزەقە) ناسێنراوە".
.
پێشمەرگەى ڕۆژ لە نیسانى ٢٠١٢ بەبریارى سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان دامەزرێنرا، ژمارەیان نزیکەی ٦٠٠٠ شەش ههزار کەسە کە خەڵکى ڕۆژئاوای کوردستانن و خراونهته سهر هێزهكانی زێرهڤانی سهر بهوهزارهتی ناوخۆ.
.
فەرماندەیی پێشمەرگەى ڕۆژ لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا و لەرونکردنەوەیەکدا قسەکانى وتەبێژەکەى سوپاى لیبیاى ڕەتکردەوە و ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکى بە ئەوانەوە نییە، بەڵکو لەگەڵ خێزانەکەى دواى ڕووداوەکانى ساڵى ٢٠١٢ لە سوریاوە چووەتە هەرێمى کوردستان، دواتریش چووەتە تورکیا و لەوێ نیشتەجێ بووە و نەگەڕاوەتەوە هەرێم.
.