ناس کورد-
شانەى قەیرانەکان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پلانێکى لەناکاویان بۆ روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا داڕشتووە کە سێ مانگ دەخایەنێت.
.
حەسەن کەعبى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى شانەى قەیرانەکان لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "شانەى قەیرانەکان پلانێکى لەناکاوى داناوە بە مەبەستى روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە".
.
کەعبى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە "عێراق هێشتا لە بازنەى مەترسیدایە".
.
راگەیەندراوەکەى کەعبى لە کاتێکدایە پێشتریش شانەى قەیرانەکان داواى لە بەرپرسانى عێراق کرد لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا رێوشوێنەکانى قەدەغەکردنى هاتووچۆ توندوتۆڵتر بکەنەوە.
.
حەسەن کەعبى، سەرۆکى شانەى قەیرانەکان لە پەرلەمانى عێراق لە میانەى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ڕۆژنامەى سەباح-ى عێراقى رونیکردەوە "پلانە لەناکاوەکەى پەرلەمان کەمکردنەوەى گردبوونەوەى هاووڵاتیان لە ناوچە میلییەکان دەگرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هێزە ئەمنییەکان بڵاوەپێ بکرێن".
.
ئاماژەى بەوەش کرد" هەتا ئێستاش عێراق لە بازنەى مەترسیدایە و باسکردن لە کەمبوونەوەى مەترسى ڤایرۆسەکە دوورە لە ڕاستییەوە".
.
لەبەشێکى ترى چاوپێکەوتنەکەدا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق گلەیى لە کەمى ئامێرى پشکنینى ئەو ڤایرۆسە کرد و ئاماژەى بەوە کرد لەسەرتاسەرى عێراق تەنها 4 ئامێرى پشکنین هەیە و ئەوەش لەگەڵ ژمارەى دانیشتوانى عێراق یەک ناگرێتەوە کە نزیکەى 40 ملیۆن کەسە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە