گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى ناوخۆ تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانى پارێزگاکان

زیادبوونى جموجۆڵ لەسەر شەقام؛ سەرکێشیکردن بە تەندروستى گشتیی

2020.04.13 - 21:46
App store icon Play store icon Play store icon
زیادبوونى جموجۆڵ لەسەر شەقام؛ سەرکێشیکردن بە تەندروستى گشتیی
ناس کورد- ماوەى دوو ڕۆژە جموجۆڵ گەڕاوەتەوە بەشێک لە شارەکانى هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى دواى ئەو بڕیارە نوێیانەى دران بە ئاڕاستەى ئاساییکردنەوەى ژیان. . هەرچەندە قەدەغەى هاتوچۆ لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە تا 16ى ئەم مانگە درێژکراوەتەوە، بەڵام بەشێک لە پارێزگا و ئیدارە خۆجێییەکان رێنمایی نوێییان دەرکردووە بۆ کردنەوەى بەشێکى زۆر لە دوکانەکان لەگەڕەکەکان، کە بەهۆیەوە جموجۆڵ دەستیپێکردووەتەوە. . بڕیارەکان یەکەمجار لەلایەن بەرپرسانى پارێزگاى سلێمانییەوە دران، دواتریش هەریەکە لە ئیدارەکانى گەرمیان و چەند شوێنێکى دیکە هەمان بڕیاریان دەرکرد. . بەپێی بڕیارە نوێیەکان، ڕێگە بە کردنەوەى دەیان شوێن و دوکان دراوە کە دەرگاکانیان بکەنەوە، دواى مانگێک لە داخستنیان بەهۆى قەدەغەى هاتوچۆوە، بەڵام بەپێی چەندین مەرج و رێنمایی تەندروستى کە بۆیان دیاریکراوە. . وەزارەتى ناوخۆ لەکاتى درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتوچۆدا، دەسەڵاتى دایە پارێزگاکان بۆ ئەوەى لە شەو و رۆژێکدا ماوەى 18 کاتژمێر رێگە بە هاتوچۆى سنوردار بدرێت بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونى قەدەغەى هاتوچۆى تەواوەتى لەنێوان کاتژمێر شەش بۆ 12ى شەو. . سامى جەلال، بەڕێوەبەرى گشتى دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ تا 16ى مانگە و هێشتا چەند ڕۆژێکى ماوە کۆتایی بێت". . لەبارەى بوونى جموجۆڵى زیاترى خەڵک لە شارەکان دواى دەرکردنى ڕێنماییە نوێیەکان لەلایەن پارێزگاکانەوە، سامى جەلال وتى،"جموجۆڵ لەکوێ هەبێت پەیوەندى بە پارێزگاکانەوە هەیە، نەک وەزارەتى ناوخۆ". . ڕێوشوێنە نوێیەکان لە پارێزگاى سلێمانى و بەشێک لە ئیدارە سەربەخۆکان، دواى نزیکبوونەوەى ئامارى رۆژانەى توشبووانى کۆرۆنا هات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان لە سفر، لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى ئەوانەى چاکدەبنەوە. . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە 24 کاژێری رابردوودا هەزار و  729 پشکنین ئەنجامدراوە و هەمووی نێگەتیڤ دەرچووە، واتە هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمار نەکراوە. . زیادبوونى جموجۆڵ لەسەر شەقامەکان، وەزیرى تەندروستى هێنایە دەنگ و ڕایگەیاند "لەگەڵ ئەوەدانین بەتەواوەتی قەدەغەی هاتوچۆ بشکێنرێت، چونکە هێشتا هەرێم لە مەترسیدایە". . سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا وتى، "نەبوونی حاڵەتی پۆزەتیڤ لە چەند رۆژێکدا بەڵگەی ئەوە نییە ئەو نەخۆشییە بە تەواوەتی کۆنترۆڵکراوە و هەموو رێکارەکان بشکێنرێن و جارێکی دیکە هەموو شتێک وەکو خۆی لێبێتەوە". . رونیشیکردەوە، "سوڕی ژیانی ئەو ڤایرۆسە بەلایەنی کەمەوە 14 ڕۆژە ئەگەر بۆ یەک کەس بێت، ئەگەر بەرکەوتەی هەبێت رەنگە 14 رۆژی دیکەش بۆ بەرکەوتەکە دابنرێت، بۆیە ماوەمان پێویستە و هێشتا لە مەترسیداین، هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوە بە تەواوەتی لانەچووە". . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە ئێستادا کۆى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان 330 حاڵەتە کە چواریان مردوون و 149 کەسیان چاکبوونەتەوە. . هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى کە هاوکات سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هۆشدارى توندیدایە ئەو کەسانەى هەوڵى شکاندنى قەدەغەى هاتوچۆ دەدەن و دەڵێت رێکارى توندیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر. . هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، “‎هەر تیمێكی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ كەمتەرخەمیی بنوێنێت، بەپێی ڕێكارە دیاریكراوەكان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە”. . هەروەها باسى لەوەکردووە، هەر سەركەشیی‌و بێباكیی‌و زیادەڕەویی‌و سەرپێچییەك زیانی گەورە بە تەندروستیی گشتیی‌ دەگەیەنێت و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ چەقی مەترسییەکان. . تا ئێستا دیار نییە دواى 16ى مانگ و کۆتایی هاتنى ماوەى درێژکراوەى قەدەغەى هاتوچۆ، وەزارەتى ناوخۆ چ رێکارێکى نوێ دەگرێتە بەر و ئایا بڕیارە نوێیەکانى پارێزگاکان هەڵدەوەشێنێتەوە یان بازنەکەیان فراوانتر دەکات. . فەرهاد محەمەد، بەرێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى، "لەبەر باری نالەباری گوزەرانی خەڵک، ڕێگە بەکردنەوەی بەشێک لەدوکان وبازاڕو شوێنی کاروکاسبی خەڵک دراوەو جوڵە کەوتووەتەوە ژیانی خەڵک، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ڕەچاوناکرێت مەرجە تەدروستیەکان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانە لەکاتێکدا کردنەوەی بازاڕ و دوکان بەو مەرجانە بووە". . ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەم بێباکی وگوێپێنەدانەی خەڵک  بەبڕوای من لەوەوە هاتووە کە کۆرۆنا لەوڵاتی ئێمە وەک هەوری بەهاران تا ئێستا هەر گرمە گرمێتی و بێ  باران تێپەڕیوە، من خۆم پێم سەیرە، ئومێدەکم کە هەر وابێت و هیچ نەیبینین و ئێمە بەهەڵەدا بچین". . "ئەگەر وادەرنەچێت ئەوەی من ئەمڕۆ بینیم موجازەفەکردنە بەتەندروستی گشتییەوە  هەڵدانی بەردە بۆناو گۆمی نەزانی کەدوای بەسەد زانا دەرناکرێت".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە