ناس کورد-
بەرپرسێکی ئەو زیندانەی هێمن مامەندی تێدا دەستبەسەرە دەڵێت، تەندروستیی هێمن زۆر باشە و ڕێزێکی زۆری دەگیرێت، دەشڵێت، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیش لە ڕۆژنامەنوسان ئاماژە بەوەدەکات، نازانن بۆچی بە کەفالەت ئازاد ناکرێت.
،
دوای ئەوەی رۆژنامەنوس، هێمن مامەند بۆچوونی خوی دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەربڕی، دەستگیرکرا و پاش نزیکەی 24 کاتژمێر لە ئازادکردنیشی لە هەفتەی ڕابردوودا دووبارە لەسەر بۆچوونەکانی دەستگیرکرایەوە.
،
بەرپرسێک لە زیندانی ڕاگیروان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت: "هێمن لای ئێمەیە و ڕاگیراوە، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە دۆسییەکەیەوە نییە کە لەسەر چی گیراوە، ئەو وەک میوانێک لای ئێمەیە و بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە".
،
دەربارەی دۆخی تەندروستیشی ئاماژەی بەوەکرد، تەندروستی زۆر باشە و ڕێزێکی زۆریشی لێدەگیرێت، وەک هەرکەسێکیتر کە لەوێ ڕاگیراوە.
،
دەربارەی سەردانیکردنیشی، ڕونیکردەوە، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانیکردن قەدەغەکراوە، هەربۆە رێگە نە کەسوکاری ئەو، نە بە کەسوکاری هیچ کەسێکیتر نادرێت سەردانی ڕاگیراوان بکەن.
،
هاوکات، نەزاکەت حسێن حەمەسەعید، سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هەر لەگەڵ دەستگیرکردنی هێمن مامەند، سەندیکا بەیاننامەی هەبووە و کاری ئێمە ئەوەیە بەیاننامە بۆ ئەو پرسە دەربکەین، یاخود ئەگەر پارێزەری پێویست بێت بۆی دابین بکەین".
،
وتیشی، داواشیان کردووە کە دەبوو هێمن مامەند بەگوێرەی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 دەستگیربکرایە، نەوەک لە درەنگانی شەودا هەڵبکوتنە سەر ماڵیان و ئەوە پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە.
،
سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێویست بووە و کاری ئەوان بووە بۆیان کردووە و داواشیان کردووە بە کەفالەت ئازاد بکرێت، چونکە ئەو مادەیەی ئەوی پێ دەستگیرکراوە، دەکرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت، بەڵام تائێستا نازانن کە بۆچی بە ئازاد نەکراوە.
،
هەر لەوبارەیەوە، کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " لەبەدواداچونەکانمان بەردەوامین لەسەر ئەو پرسە و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیمان بە بەرپرسانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وناوخۆوە کردوە، شەوی ڕابردووش قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕاگیراوان کردوە ئەو بەندیخانەی کەھێمن مامەند تیایدا ڕاگیراوە (توقیف)کراوە ، داوام کردوە کەسەردانی بکەم ولەنزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی بم، بەڵام بەھۆی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی کەبڕیاردراوە بەڕاگرتنی سەردانی بەندکراوان بەھۆی نەخۆشی کۆڕۆنا نەمانتوانیوە تا ئێستا بیبینین".
،
ئەو ئەندامە ئۆپۆزسیۆنەی پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردەوە، دەستگیرکردنی ھێمن مامەند پێش ئەوەی کەیسێکی یاسایی بێت ڕەھەندێکی سیاسی ھەیە و لەسەر کێشەی حزبی و کەسیە، چونکە ھێمن ڕۆژنامەنوسەو دەبوو بەیاسای ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک یاسای سزاکانی عێراقی .
لە چەند رۆژی ڕابردووشدا دایکی هێمن مامەند لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، ترسی لە ژیانی کوڕەکەی هەیە و داوایکرد چارەنوسی دیاریبکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە