گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیانێکی گەورە لە داهاتی نەوتی هەرێم لە پەراوێزی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک پێویستە هەرێم پەلە بکات [تایبەت]

2020.04.13 - 14:00
App store icon Play store icon Play store icon
زیانێکی گەورە لە داهاتی نەوتی هەرێم لە پەراوێزی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک  پێویستە هەرێم پەلە بکات  [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز دواجار ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش دەبێت عێراق بەڕێژەی %23 بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە، ئەوەش ڕەنگە دووبارە ببێتە کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.  ، ئەگەر عێراق پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەوە دەبێت هەرێمیش پابەند بێت و بەگوێرەی ڕێژەکە دەبێت ڕۆژانە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە، کە ئەگەر نەوت ببێتەوە 55 دۆلاریش، ئەوا داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کەمدەکات.  ،

"هەرێمیش دەبێت پابەند بێت و بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە"

 ، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک لە ناو وڵاتانی ڕێکخراوەکەدا عێراق دەبێت بەڕێژەی %23 بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.  ، شیروان میرزا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت، دوێنێ یەکشەممە 12ی نیسانی 2020، ئەنجومەنی وزەی عێراق ڕاسپاردەی دەرکردوە و ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە دەبێت عێراق بچێیتە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو بڕەی بۆ دیاری کراوە و پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکە.  ، هاوکات، هەر دوێنێ یەکشەممە، سامڕ غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە سودی دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و پابەند دەبن پێوەی.  ، غەزبان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستانیش دەبێت پابەند بێت بەو ڕێککەوتنە و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، چونکە عێراق بەشێکە لە ڕێککەوتنەکە.  ،

چارەنوسی داھاتی ھەرێم لە پەراوێزی ڕێککەوتنەکەدا

 ، لە ئێستادا بەگوێرەی داتاکانی وەزارتی سامانە سروشتیەکان، هەرێم ڕۆژانە بڕی 450 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دێنێت، ئەگەر پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت و %23 بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە، دەبێت ڕۆژانە 346 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنێت. واتە بە نزیکەیی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمبکاتەوە، کە مانگانە دەکاتە سێ ملیۆن بەرمیل.  ، پێشتر کە نەوت نرخەکەی نزیکی 55 دۆلار بوو، ئەم ڕێکارانەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە بۆ 55 دۆلار، ئەوا نەوتی هەرێم 45 دەکات بەوپێیەی بەردەوام 10 دۆلار لە خوار بازاڕەوە نەوت دەفرۆشێت، واتە 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.  ، بە کەمکردنەوەی 100 هەزار بەرمیل نەوت، هەرێم مانگانە 135 ملیۆن دۆلاری لەدەست دەچێت و ئەو 346 هەزار بەرمیلەشی کە دەتوانێت بیفرۆشێت، ڕۆژانە داهاتەکەی دەکات 467 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار، ئەوە جگە لەوەی ئەو پارەیە هەمووی ناچێتە خەزێنەی وەزارتی دارایی و بەشێکی بۆ خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکانە.  ، کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی هەرێم بچێتەژێر باری ئەو کەمکردنەوەیەوە، ئەوا زیانێکی گەورە دەکەین، چونکە هەرێم خۆی نەوتێکی هێندە زۆر نافرۆشێت، حکومەتی هەرێم پێشتر دەیوت 300 ملیۆن دۆلاری لە نەوت دەستدەکەوێت، ئەگەر ئەوەش کەمبکرێتەوە، ئەوکاتە چی دەکات و چۆن موچەی فەرمانبەران دەدات".  ،

هەرێمی کوردستان دەبێت چی بکات؟

 ، کاروان گەزنەیی، بابەتەکە بە مەترسییەکی گەورەی ئابوری ناودەبات و دەڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێم بەزوویی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات لەوبارەیەوە.  ،   بە پشت بەستن بە وتەکانی کاروان گەزنەیی، دەکرێت لەو دۆخەدا ئەو داهاتەی نەوت کە دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی کەمدەبێتەوە بۆ کەمتر لە 200 ملیۆن دۆلار.  ، ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بە ناس کوردی وت، یاداشتێکی لەوبارەیەوە ئامادەکردووە و دەیداتە حکومەت، چونکە پێویستە حکومەت بە زووترین کات لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و بەڕێککەوتن و بە یاسایی بەغدا ڕازی بکات کە هەرێمی کوردستان نەچێتەژێر ئەو بارەوە.  ، گەزنەیی ڕونیکردەوە، لەئێستادا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا باشترین هەلە و پێویستە هەرێم ڕازی بێت 250 هەزار بەرمیلەکە ڕادەست بکات و دواتر لەو 250 هەزارە بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە و 200 بەرمیلەکەی خۆی بفرۆشێت، کە ئەوەش سیاسەتێکی عاقڵانەیە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە.  ، جەختیشیکردەوە، نابێت هەرێم وەک پێشووتر بە تاک لایەنە پابەند نەبێت و بە ئینکاری خۆی بریار بدات، بەڵکو دەبێت بە ڕێککەوتن ئەو کارە بکات، چونکە ئەگەر بەبێ ڕێککەوتن پابەند نەبێت، ئەوا دوور نییە دووبارە بەغدا موچە نەنیرێت و کێشەکان دروست ببنەوە.    ،

بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت کێشەکە گەورەتر دەکات

   ، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی بەغدا دەڵێت، کەمکردنەوەی ئەو بڕە نەوتە بۆ جیهان زۆر کەمە و ئەوە چارەسەرێکی خێرای نزمبوونەوەی نرخی نەوت ناکات و ئەوەش کێشەی عێراق زیاتر دەکات.  ، تەواوی بەرهەمی نەوتی جیهان رۆژانە لەنێوان 82 بۆ 88 ملیۆن ملیۆن بەرمیلە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت، ماوەی مانگێکە ڕۆژانە ئەو بڕە دەفرۆشرێت و سەرف نابێت کەواتە لەچوار بەش سێ بەشی یان لانیکەم نیوەی عەمبار دەکرێت لە خەزانی ستراتیژیدا یان لەباخیرە و گوێزەرەوەی ناو دەریاو زەریاکاندا، بەپێی ئامارو پێشبینیەکانیش کەرەنتینە کە جیهانی گرتوەتەوە وازوو ناکرێتەوە ، کەواتە بەمزووانەش بازاڕ ناجوڵێت.  ،   ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت، هەرکات جوڵەی مرۆڤایەتی و چالاکی بازرگانی دەستی پێکردەوە و ئەو خەزنەی کەکراوە سەرف بوو، ئەو کات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بۆیە کەمکردنەوەی بەرهەم لەلایەن ئۆپێک بە بڕی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت زۆر لە بابەتەکە ناگۆڕێت ئەو بڕەش لەبەرانبەر ئەو بەستەڵەکی جوڵەدا وەڵامدەرەوە نابێت.    

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە