گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها لەسەر كات وەستاوە و هيچى تر.. جياكارى تاييفى دژى شيعە زياد دەكات

ڕاپۆرتێك هۆشدارى دەدات.. كۆرۆنا كارەسات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەكات

2020.04.13 - 08:39
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێك هۆشدارى دەدات.. كۆرۆنا كارەسات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەكات
ناس کورد- ڕاپۆرتێكى ماڵپەرى "ناشناڵ ئينتريست"ى ئەمريكى هۆشدارى لە كاريگەريە جيۆسياسيە مەترسيدارەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەدات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و تێيدا باس لەوەكراوە، كاريگەريەكانى ڤايرۆسەكە لە سەرتاسەرى جيهاندايە بەڵام كاريگەريەكانى لەو ناوچەيە زۆر گەورە دەبێت ئەوەش بەهۆى ئەو گرژيانەى ناوچەكەى پێدا تێدەپەڕێت. . لە ڕاپۆرتەكەدا هاتوە، ڤايرۆسى كۆرۆنا ناسراو بە COVID-19 ناسەقامگيرى  و مەينەتيەكانى خەڵك لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زياد دەكات، بەتايبەتى لەناو ئاوارە و پەنابەرەكاندا كە بەهۆى شەڕە ناوخۆييەكانەوە دەربەدەر بوون. . ئەوەش هاتوە، ئەو تەحەدايانەى ڕوبەڕوى حكومەتەكانى ئەو دەوڵەتانە بوەتەوە لە مامەڵەكردنيان لەگەڵ پەتاكە بەتايبەتى كۆمارى ئيسلامى ئێران كە مەڵبەندى ڤايرۆسەكەيە لە ناوچەكە، لەلايەن نەيارە سەرەكيەكانى تارانەوە بە هەل وەرگيراوە لەوانەش سعوديە، بەحرەين و ئيمارات، ئەوەش تا تاران بە بێتوانايى و بەرپرسيار لە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە لەناوچەكە تۆمەتبار بكەن. . جياكارى تاييفى بەپێى هەمان ڕاپۆرت، ڤايرۆسى كۆرۆنا جياكارى تاييفى دژى شيعە زياد دەكات بەتايبەتى لەو دەوڵەتانەى كە زۆرينەيان سوننەن، هەروەها گروپە تيرۆرستيەكان كە لە سوريا و عێراق و ناوچەكانى تريشن هەوڵى قۆستنەوەى قەيرانەكە دەدەن بۆ پڕوپاگەندەكانيان.   ئەوەش سەرەڕاى مەترسيەكانى هەڵاتنى چەكدارانى داعش لەو شوێنانەى دەستگیرکراوون، بەهۆى تێكچونى بارودۆخەكەوە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە. . زيادبونى مەينەتيە مرۆڤايەتيەكان سەرەڕاى كاريگەریيە تاييفى و ئەمنيەكان، ڕاپۆرتەكە پێى وايە مەينەتى مرۆڤايەتى زۆر لە زيادبوندايە، بەتايبەتى لەگەڵ پەستانە داراييەكانى دەوڵەتانى كەنداو بەهۆى پاشەكشەى ئابورى جيهانيەوە، ئەوەش سەرەڕاى دابەزينى نرخى وزە و شەڕى نەوت لەنێوان ڕوسيا و سعوديە. . ڕاپۆرتەكەى "ناشناڵ ئينتريست" هۆشداريشى داوە لە بارودۆخى دەوڵەتە شكستخواردوەكانى وەك سوريا و ليبيا كە مەترسيەكى گەورەى لەو دەوڵەتانە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە بەڕێوەيە، ئەوەش بەهۆى ئەو داڕمانە مەترسيدارەى بەسەر ژێرخان و خزمەتگوزارى تەندروستى ئەو دەوڵەتانەدا هاتووە، بەتايبەتى لە كەمپى پەنابەراندا. . هۆشدارى لەوەش داوە، كە هەمان چارەنوس چاوەڕێى يەمەن دەكات ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كە تائێستا هيچ توشبويەكى ڤايرۆسەكە لەو وڵاتە تۆمار نەكراوە ياخود ڕانەگەيەنراوە. . ژينگەيەكى لەبار بەپێى هەمان ڕاپۆرت ساڵانێكە شەڕى ناوخۆى دورودرێژ بوەتە هۆى ئەوەى كە بارودۆخى ژينگە زۆر خراپ بێت، كە ئەوەش ژينگەيەكى لەبارى ڕەخساندوە بۆ بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە، هەروەها تواناكانى يەمەنى پەكخستوە بۆ وەڵامدانەوەى هەر كارەساتێكى مرۆيى تر. . ئەوەش هاتوە، قەبارەى ئەو زيانەى كۆرۆنا لە دەوڵەتە پێشكەوتوەكانى وەك ئەمريكا و دەوڵەتە ئەوروپيەكانى داوە ئەوە دەسەلمێنن كە كاريگەريەكانى پەتاكە زيانى مرۆيى گەورەى لێدەكەوێتەوە بە دڵنياييەوە لەو دەوڵەتانەى كە لە كێشمەكێشدان وەك سوريا و ليبيا و دروستبونى كارەساتيش تەنها لەسەر كات وەستاوەو هيچى تر. . سەرەڕاى ئامادەكاريەكان، ماڵپەرەکە پێشبينى ئەوە دەكات كە پەتاكە كاريگەرى لەسەر سەرجەم دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست بكات، داواش دەكات كە هاوكارى مرۆيى بنێردرێتە ئەو ناوچانە بەتايبەتى بۆ ئەوانەى زۆر پێويستيان پێيەتى، ئەوەش وەك هەنگاوێكى يەدەگ بەهيواى ئەوەى كە تۆزێك لەو نەهامەتيانەى خەڵكى ناوچەكە كەمبكاتەوە كە ساڵانێكە پێوەى دەناڵێنن. .

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە