گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى جیهانى مشتومڕەکەى یەکلاکردەوە

ئایا تەرمى مردووانى کۆرۆنا ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە؟

2020.04.12 - 20:46
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا تەرمى مردووانى کۆرۆنا ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە؟
  ناس کورد-   لەناو ترسی بەشێکى زۆر لە خەڵک لە مامەڵەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ مردووان بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، رێکخراوى تەندروستى جیهانى رێبەرێکى ڕێنمایی بڵاوکردەوە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەى زۆرترین مشتومڕى دروستکردووە. . رێکخراوەکە جەختیکردووەتەوە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان لەبارەى کۆرۆناوە، تەرمى مردووان ناتوانێت ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە، هەروەها تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەبارەى ئەوەى کەسێک لە مردوییەکەوە تووش بوبێت، سەرەڕاى گرتنەبەرى ڕێوشوێنى خۆپارێزى پێویست لەلایەن ئەو کەسانەوە کەڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ تەرمەکاندا دەکەن. . بەپێی ڕێبەرەکە، ئەو دەنگۆیانەى بڵاوکراونەتەوە لەبارەى ئەوەى کە پێویستە جەستەى مردوانى کۆرۆنا بسوتێنرێن هیچ راستییەکى تێدا نییە و پەیوەندى بەهیچ بنەمایەکى تەندروستییەوە نییە، بەڵام ئەوانەى تەرمەکە ئامادە دەکەن بۆ ناشتن، پێویستە کەلوپەلى خۆپارێزى بەکاربهێنن و دەستەکانیان پاکبکەنەوە. . رێبەرەکە جەختدەکاتەوە، لەسەر پێویستى رێزگرتن لە تەرمەکە و رێوڕەسمەکان و خواستى خانەوادەکە لەکاتى ناشتنى ئەو کەسە نزیکەیاندا. رێکخراوى تەندروستى جیهانى بە  پێویستى دەزانێت، لەکاتى گواستنەوەى تەرمەکە لە ژورى نەخۆشخانەکەیەوە تا پزیشکى دادوەرى یان کۆگاى هەڵگرتنى تەرم و بەخاکسپاردنى، گرەنتى ئەوپەڕى رێکارەکانى خۆپارێزى بکرێت، تەرمەکەش لەدواى ناشتنى ڤایرۆسەکە ناگوازێتەوە. هەر بەپێی رێبەرەکە، ئەوانەى مامەڵە لەگەڵ تەرمەکە دەکەن، پێویستە پێش کارەکەیان دەستەکانیان پاکژبکەنەوە، ماسک و کەمامەى پزیشکى بپۆشن. . ئەوەشى خستووەتەڕوو، خێزان و هاورێکانى دەکرێت ماڵئاوایی لە مردووەکە بکەن بەپێی بیروباوەڕى ئاینى و کلتورە جیاجیاکان، بەڵام بەبێ ئەوەى دەستى لێبدەن یان ماچى بکەن. هەروەها ئەوانەى کە ڕاسپێردراون بۆ ناشتنى تەرمەکە، پێویستە دەستکێش لەدەست بکەن و دواى لابردنى دەستکێشەکان بە ئاو و سابون دەستیان پاکبکەنەوە. لەگەڵ لابردن و شۆردنى هەر جلوبەرگێک کە ئەو کەسانە پۆشیویانە لەو کاتەدا. . بەپێی رێکخراوى تەندروستى جیهانى، نوێژکردن لەسەر مردووەکە، دەگەرێتەوە بۆ بیروباوەڕى ئاینى و کلتورەکان، بەڵام ئەو کەسەى کە نوێژى لەسەر دەکات، پێویستە دەست لە مردووەکە نەدات و دەستکێش و دەمامک و کەلوپەلە پێویستییەکان بپۆشێت. دواتریش جلوبەرگەکانى بگۆڕێت و پاکژیان بکاتەوە. لەبارەى جلوبەرگى مردووەکەوە، رێکخراوەکە دەڵێت دەکرێت جلوبەرگەکە لە جلشۆرى کارەبایدا بشۆردرێت بە ئاو و سابون لەپلەى گەرماى ٦٠ و ٩٠، یان لە حەوزێکى گەورەى ئاوى گەرمدا بە سابون بشۆردرێت و برێک کلۆرى تێبکرێت و ماوەى ٣٠ خولەک جێبهێڵرێت، دواتر لەبەر تیشکى خۆر وشک بکرێتەوە. .

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە