بەیاتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئامارەکان بەپێی هۆکاری ڕاستەوخۆی مردنەکە تۆماردەکرێن لەو کات و ساتەدا، سەرجەم وڵاتانیش هەمان ڕێکار دەگرنەبەر بۆ ژماردنی مردووان."
. "بەرپرسیارێتی مردووان" بەپێی ئامارەکان، بابل دووەم زۆرترین ڕێژەى مردنی تۆمارکردووە، لە کۆی 10 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێنجیان مردوون، محەمەد جەعفەری، بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگاکە شیکردنەوەى بۆ بابەتەکە کرد و بەشێک لە هۆکارەکەى خستە پاڵ کەسوکاری توشبووان. . جەعفەری بە ناس کوردی وت، "زۆربەى زۆری توشبووانی کۆرۆنا لە بابل پێشتر توشبووی چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنی وەک شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی بوون کە ئەوەش چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکەى سەختر کردبوو." . وتیشی، "کەسوکاری توشبووان بەشێک لە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە سەر شان بەهۆی درەنگ گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکان، بۆیە زۆرجار کار لە کار دەترازێت کە دەیبەنە نەخۆشخانەکان." . ئاماژەى بەوەشکرد، سەرجەم توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هیچ کێشە و نەخۆشییەکییان نەبووە دۆخی تەندروستییان باشتر بووە و هەندێکیشیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە." . لە هەرێمی کوردستان تەنها چوار حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا هەیە، ئەوانیش سەرجەمیان لە سلێمانی بوون، هەر چوار حاڵەتەکەش، بەپێی لێدوانی تەندروستی، نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە و بەهۆی خودی ڤایرۆسەکەوە نەمردوون، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون. . "هەمیشە کەسانێک گومان دەکەن" زۆر کەس گومان لە ژمارە و ئامارەکان دەکات، ئەوان دەپرسن بۆچی لە جیهاندا ژمارەى مردوون بە کۆرۆنا تەنها 2%یە لەکاتێکدا لە عێراق 10%؟! . ئەوان دوو گومان دەخەنەڕوو بۆ ئەو ژمارانە، یان ئەوەتا کەرتی تەندروستی عێراق داڕوخاو و لاوازە و شکستی هێناوە لە چاککردنەوەى ئەو کەسانە، یان ئەوەتا ژمارەى توشبووان زۆر لەوە زیاترە کە بە فەرمی ڕاگەیەنراوە. . بۆ ئەگەری دووەم، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق جەختیکردەوە کە ژمارە و ئاماری کۆرۆنا لە عێراق ڕاست و وردە و هیچ کێشەیەکی نییە. . هەندێکی تریش پێیان وایە کە ژمارەى پشکنینەکان لە عێراق کەمن و توانای دۆزینەوە و دیاریکردنی ژمارەى ڕاستەقینەی توشبووانیان نییە، بۆیە تەنها ژمارەیەکی کەم پشکنینیان بۆ کراوە ئەگەر بەراورد بکرێن بە وڵاتانی دراوسێ. . عێراق و تورکیا عەدنان نوار، ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەى ئەو عێراقییانەى تاوەکو هەفتەى ڕابردوو پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە گەیشتووەتە هەشت هەزار کەس، لەو ژمارەیەش هەزار کەسیان توشبوو بوون. . لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەکی زۆر زیاتر لەوە دەڵێت و ڕایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى لە عێراق پشکنینیان بۆ کراوە تاوەکو 7ی نیسان گەیشتووەتە 26 هەزار و 331 کەس. . بەڵام ئەگەر تەماشای تورکیا بکەین، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ڕۆژانە پێنج هەزار پشکنینیان بۆ گومانلێکراوان کردووە، بەڵام لەئێستادا ئاستی توانستی پشکنینیان بەرزکردووەتەوە و گەیاندوویانەتە حەوت هەزار پشکنین لە ڕۆژێکدا. . ئەى ئیمارات؟ لە بەرانبەر ئەو 26 هەزار پشکنینە، ئیمارات ژمارەیەکی خەیاڵی لە پشکنین ڕاگەیاندوە، وەزارەتی تەندروستی ئیمارات ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ نیو ملیۆن هاوڵاتی کراوە، واتە 0.5%ی سەرجەم دانیشتووان.