گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد چیرۆکی ڕاستەقینەى مستەفا سەلیمی دەگێڕێتەوە.. ئایا هاتووەتە هەرێمی کوردستان؟

2020.04.11 - 17:12
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد چیرۆکی ڕاستەقینەى مستەفا سەلیمی دەگێڕێتەوە.. ئایا هاتووەتە هەرێمی کوردستان؟
ناس کورد- هەواڵ و دەنگۆی "ڕادەستکردنەوەى زیندانییەکی هەڵهاتوو لە زیندانی سەقر" لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە و دواتر لەسێدارەدانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بووە بابەتێکی گەمتر لە بابەتى کۆرۆنا. . بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد کە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز و ئاگادارەوە وەریگرتووە، مستەفا سەلیمی لەدوای هەڵهاتنی لە زیندانی سەقز ڕوویکردووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام گومان هەیە لەوەى دەرباز بوو بێت یاخود بەرپرسانی ئەمنی هەرێم ڕادەستی ئێرانیان کردبێتەوە. . چیرۆکی مستەفا سەلیمی چییە؟ بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، مستەفا سەلیمی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و و دواتر واز هێناوە، پێشمەرگەیەکی دیکەی حدکا لە ساڵانی 1998 و 1999 کە ناوی سابیر بووە لە حدکاش یاخی دەبێ و سێ کەسی دیکەی لەگەڵ دەبێ لەو ناوچەی سەقز-مەریوانەوە بە ناوی پێشمەرگەی حدکاوە چەند کارێکی تاڵانکاری دەکەن و خەڵکیان کوشتووە، تەنانەت پاسداریشیان کوشتووە." . بەپێی سەرچاوەکان، دواتر "حدکا ئەو کاتە لە ڕاگەنراوێکدا داوا لە خەڵک دەکات هاوکاریان نەکەن و ئەمانە یاخی بوون و پەیوەندییان بەسەر حدکاوە نییە، مستەفاش پەیوەندی بە گروپە یاخییەکەى سابیرەوە دەکات، دوای ماوەیەک لە دەوروبەری ساڵی 2002، سابیر لەلایەن حدکاوە دەستگیر دەکرێت و دەیهێننەوە بۆ کۆیە، لە کۆیە بە تاوانی دزی لە خەڵک و بەکارهێنانی ناوی حیزبی دیموکرات بڕیاڕی لەسێدارەدانی سابیر دەدەن، بەڵام دواتر کەسوکاری سابیر و هەندێک کەس داوا دەکەن حدکا لێی خۆش بێت، بەوەش دوای شەش مانگ زیندانی حدکا لەسەر داوای هەندێک کەس لێی خۆش دەبێ و ئازادی دەکات." . دواتر "سابیر دەچێت پەنا دەباتە بەر یەکێتی شۆڕشگێڕانی ئەوکات و ئەمجارە بە ناوی ئەوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سەقز، لە ناوچەی سەقز ئەم گروپەی سابیر لەگەڵ پۆلیس شەڕ دەکەن، سابیر دەکوژرێ و فەرماندەیەکی ناسراوی پۆلیسیش دەکوژرێت، مستەفا سەلیمیش دوای کوژرانی سابیر داوا دەکات حدکا وەک پێشمەرگە وەری بگرێت، بەڵام حدکا وەری ناگرێت، بە ناچاری دەگەڕێتەوە و خۆی ڕادەستی ئێران دەکاتەوە، لە ئێرانیش سەرەتا ئازاد دەکرێت بەڵام دواتر بە تاوانی کوشتنی فەرماندە پۆلیسەکە دەستگیر دەکرێت و دەکرێتە زیندان و بڕیاری لەسیدارەدانی بۆ دەردەچێت." . ناس کورد لە زۆربەى سەرچاوەکانەوە زانیویەتی، "مستەفا لە زیندان کەسێکی باش بووه، تەنانەت لە ژێر ئەشکەنجەشدا ئامادە نەبووە هاوکاری ئیتلاعات بکات، ئیتلاعات پێیانوتووە ئازادت دەکەین بەو مەرجەی هاوکاریمان بکەی لە دوای ئازادی بچی بۆ ناو ئەو حیزبانە و سیخوڕیمان بۆ بکەی، ئەمیش قبوڵی نەکردووە." . "جگە لەوەش لەناو زینداندا هاوکاری هەندێک لە زیندانییەکانی دیکەی کردووه و کەسێکی باش بووه، دوای ئەوەی لە زیندان ڕادەکات بەر لەوەی بێتە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە حدکاوە دەکات و داوا دەکات وەک ئەندام وەری بگرن، حدکیش پیی دەڵێت ناتوانین وەرت بگرین بەڵام بەهۆی ئەوەی لە زیندان کەسێکی باش بووی کاتێک هاتییە ئەمدیو هاوکاریت دەکەین و هەر کاتێک هاتی ئاگادارمان بکەوە، بەڵام کاتێک دێت ئەمان ئاگادار ناکاتەوە،" بە قسەی سەرچاوەکانی ناس کورد، لەوانەیە مستەفا پەیوەندی بە حزبێکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کردبێت.  . ئەى حکومەتى هەرێم و ئاسایشی سلێمانی چی دەڵێن؟ ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو کە بایەخ بە هەواڵەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەدات بڵاویکردەوە، سەلیمى بەرەبەیانى ئەمرۆ لە زیندانى ناوەندى سەقز لە سێدارەدراوە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکان هوشداریان بە بنەماڵەی مستەفا سەلیمی داوە کە نابێت لەگەڵ میدیاکان قسە بکەن و پێیان ڕاگەیاندوون کە مافی بەڕێوەبردنی سەرەخۆشییان نییە. . بەڵام وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند، لە زۆرێک لە کەناڵەکانەوە باسی ئەوە دەکرێت کە هاوڵاتییەکی خەلکی شاری سەقز بە ناوی مستەفا سەلیمی کە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، لە سنووری پێنجوێن، لە لایەن ئاسایشەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. . جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتى هەرێم دەڵێت، "حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و ئەگەر شتێکی وا ڕوویدابێت ئەوە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم کراوە." . ئاماژەى بەوەشکرد، "بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆلینەوە." . هاوکات ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕادەستکردنەوەی مستەفای سەلیمی بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە ئەو کارەیان کردبێت. . دەشڵێت، هیچ داتایەك بەناوی (مستەفا سەلیمی) لەناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنوریەكان بەردەست نییەو ئێمە هیچ كەسێك بەوناوە ناناسین . .  کەسوکارەکەى چی دەڵێن؟ هەفتەی رابردوو رۆژی هەینی 3ی نیسانی 2020، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راکردنی نزیکە 100 بەندکراو لە زیندانی ناوەندی شاری سەقز، هەواڵی خۆدەربازکردنی مستەفا سەلیمیش بڵاوبوویەوە، کە بەندکراوێکی سیاسی بووە و بڕیاربوو بەمنزیکانە لەسێدارە بدرێت. . بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ناس کورد لە کەسێکی نزیکی مستەفا سەلیمی دەستیکەوتووە، سەلیمی لەدوای هەڵاتنی توانیبووی خۆی بگەیەنێتە سنووری سەیرانبەند کە سەر بە شاری بانەیە، پاش ئەوەی خۆی دەگەیەنێتە ئەو سنوورە لە لایەن هێزێکی ئاسایشی هەرێم دەستبەسەردەکرێت و رادەستی ئاسایشی پێنجوێن دەکرێ. . ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەو رۆژە واتە هەینی 3ی نیسان سەلیمی رادەستی سنووری سیرانبەند کراوەتەوە و لەوێش لە رێگەی ئاسایشی گەرمەک دەست و پێیان بەستووە و و رادەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووەتەوە. . باسی لەوەشکرد، مستەفا دەیان جار داوای کردووە کە نەیگەڕێننەوە یان تەنیا ڕێگەی بدەن کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا رادەستیان کردووەتەوە. . سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەمڕۆ هەینی، پەیوەندییان کردووە بە کەسوکاری مستەفا سەلیمی بۆ ئەوەی کۆتاجار چاویان پێ بکەوێت و بە ئەگەرێکی زۆر ئەمشەو لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا لەسێدارە دەدرێت. . وتیشی، تائێستا نازانن بەرپرسانی سنوری پێنجوێن کارەکەیان بە سەربەخۆ کردووە، یاخود سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگاداری کارەکە بوون. .  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە