ناس کورد-
چوارەم توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى دواى گیانلەدەستدانى پشکنینى کۆرۆناى بۆکراوە و بۆ نەخۆشى دیکە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، ئەوەش بەرپرسانى تەندروستى سلێمانى گەیاندووەتە ئەو بڕوایەى کە ڕەنگە هۆکارى مردنەکەى توشبوونى بەو ڤایرۆسە نەبووبێت.
.
درەنگانى شەوى ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم، توشبوونى ژنێکى تەمەن 65 ساڵى بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدانى ڕاگەیاند، کە خەڵکى سلێمانییە و چەندین نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە.
.
هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئەو ئافرەتە ماوەى شەش مانگ بووە لەجێگادا کەوتووە، بەهۆى توشبوونى بەچەندین نەخۆشى لەوانە، نەخۆشى دڵ، جەڵتەى دەماغ، زەهایمەر".
.
وتیشى، "نەخۆشەکە بەهۆى نەخۆشی تێکچوونى لێدانى دڵییەوە ڕەوانەى نەخۆشخانەى شار کرابوو، بەوتەى کەسوکارەکەشى پێشتریش جەڵتە لێیداوە".
.
هێرش سەلیم باسى لەوەشکرد، ئەگەر هەیە هۆکارى گیانلەدەستدانى تێکچوونى لێدانى دڵ بوو بێت، چونکە هەر بەو هۆیەوە ڕەوانەى نەخۆشخانە کراوە. دواى گیانلەدەستدانیشى پشکنینى کۆرۆناى بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە توشى کۆرۆنا بووە.
.
ئەمە یەکەم کەس نییە لە سلێمانى کە دواى گیانلەدەستدانى توشبوونى بە کۆرۆنا ڕابگەیەنرێت، پێشتر دوو کەیسى دیکەى هاوشێوە لە سلێمانى تۆمارکراون.
.
"تا ئێستا سیان لەوانەى گیانیانلەدەستداوە لە سلێمانى دواى مردنیان دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەن، بەشێک لەوانەى لە نەخۆشخانەکان دەمرن و گومانیان لەسەرە دواى مردنیان پشکنینان بۆ دەکرێت".
.
ئەو کەسانەى کە دواى مردنیان پشکنینان بۆ دەکرێت، نمونە لە قوڕگ و لوتیان وەرەدەگیرێت، تا بزانرێت پێش مردنى توشى کۆرۆنا بووە یاخود نا.
.
بە گیانلەدەستدانى ئەو کەسە، ژمارەى ئەو توشبووانەى لە سلێمانى گیانیان لەدەستداوە بۆ چوار کەس بەرزبووەوە، لەکۆى 121 توشبوو کە 95 کەسیان چاکبوونەتەوە.
.
هێرش سەلیم باسى لەوەکرد، لەناو سەنتەرى سلێمانى 12 توشبوو لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەگە دواى سێ پشکنین دەرکەوت کە چاکبوونەتەوە، ڕەوانەى ماڵەوە دەکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە