گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانکۆی ئۆکسفۆرد پێشبینی خۆی بۆ وادەى بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕاگەیاند

2020.04.11 - 11:51
زانکۆی ئۆکسفۆرد پێشبینی خۆی بۆ وادەى بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕاگەیاند
ناس کورد- پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، ئەگەری زۆرە تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلول ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە بێت بۆ بەکارهێنان، لە دوو هەفتەى داهاتووشدا لەسەر مرۆڤ تاقی دەکرێتەوە. . سارا گیلبێرت، پرۆفیسۆری ڤاکسینۆلۆجی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بە ڕۆژنامەى تایمزی وتوە، تیمێکی شارەزا بە بەردەوام هەر حەوت ڕۆژی هەفتە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینەکە. . سارا دەڵێت، ئەو "80% دڵنیایە" کە ڤاکسینی کۆڤید-19 لەلایەن تیمەکەیەوە بەرهەم دەهێنرێت، تیمەکەی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەشێک لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە کە تاوەکو ئێستا 102 هەزار کەسی لە جیهاندا کوشتووە، یەک ملیۆن و 700 هەزار توشبووش تۆمارکراوە. . سارا دەشڵێت، تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ لەم دوو هەفتەیەدا دەستپێدەکات، "بەسەر بنەمای کاری پێشوومان لەسەر ئەم جۆرە ڤاکسینانە، پێم وایە بە چانسێکی زۆرەوە ڤاکسینەکە کاری خۆی دەکات." . ئاماژەى بەوەشکرد، "تاوەکو پایزی داهاتوو هەموو شتێک ئامادە دەبێت، ئەوە قەناعەتی منە، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت بەڵێن بدات کە هەموو شتێک وەک خۆی دەبێت." . بەهۆی ئەوەى ژمارەی توشبووان لە بەریتانیا کەمن بۆ تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکە، بۆیە تیمەکە ناچارن لە ناوچەیەک تاقیبکەنەوە کە ژمارەیەکی زیاتر خەڵک توشی کۆرۆنا بوو بێت. . هەفتەى ڕابردوو، لێکۆڵەرەوانی زانکۆی ساوسامپتۆن ڕایانگەیاند کە ڤایرۆسەکە "بەرگری کەمە" بۆیە زۆر ئاسانە ڤاکسینەکەى بدۆزرێتەوە.