گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ کاراکردنى دوو سیستەمى دیکەى بەرگرى

ئەمریکا سیستەمى پاتریۆتى لە هەولێر و ئەنبار کاراکرد

2020.04.11 - 09:32
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا سیستەمى پاتریۆتى لە هەولێر و ئەنبار کاراکرد
ناس کورد- هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، سیستەمى بەرگرى پاتریۆتیان کاراکرد، بۆ پاراستنى ئەو پێگانەیان کە لەچەند مانگى ڕابردوودا ڕووبەڕووى هێرش بووەوە، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانى ترەمپ لەبارەى ئەگەرى هێرشى ئێران بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق. . رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمز ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، هێزەکانى ئەمریکا سیستەمى پاتریۆتیان لەهەردوو بنکەى عەین ئەسەد و هەریر لە ئەنبار و هەولێر خستووەتەکار، سەربارى سیستەمێکى بەرگرى موشەکى کورتمەودا لە سەربازگەى تاجى لە باکورى بەغدا و سیستەمێکى دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان. . بەرپرسانى ئەمریکا دەڵێن، سیستەمە بەرگرییە نوێیەکە هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان دەپارێزێت لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق، کە لەچەند مانگى ڕابردوودا لەلایەن گروپەکانى سەر بە ئێرانەوە روبەڕووى هێرش بوونەوە. . کاراکردنى سیستەمەکان لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ هەفتەى ڕابردوو رایگەیاندبوو، ئیدارەکەى زانیارى هەواڵگرى پێگەیشتووە لەبارەى پلانى ئێران بۆ هێرشکردن، جەختیشیکردبووەوە ئەگەر تاران ئەو کارە بکات باجێکى گەورە دەدات. . پێشتر جەنەرال فرانک ماکینزى فەرماندەى هێزەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاندبوو "گواستنەوەى سیستەمى پاتریۆت و سیستەمەکانى دیکە بۆ عێراق کارێکى قورسە، لەبەرئەوەى پێویستە لە شوێنێکى دیکەوە بگوازرێتەوە کە ڕەنگە ئەو شوێنەش پێویستى بێت".   زیاتر بخوێنەرەوە...بۆچى ئەمریکا دەیەوێت پاتریۆت لە هەرێم جێگیر بکات؟ [تایبەت]
بۆچى ئەمریکا دەیەوێت پاتریۆت لە هەرێم جێگیر بکات؟ [تایبەت] . سیستمى پاتریۆت چییە؟ . سیستمى پاتریۆت کە ناوەکەى MIM-104 Patriot یە سیستمێکى بەرگرى موشەکی ئەمریکیە لە جۆرى (وشکانى-ئاسمانى) و لەلایەن ئەمریکا وهاوپەیمانەکانیەوە بەکاردەهێنرێت. . ئەم سیستمە لەلایەن کۆمپانیاى (رایسیۆن)ەوە دروستدەکرێت، پاتریۆت کە کورتکراوەى Phased Array Tracking Radar Intercept OTargetە سیستمێکى موشەکى رێگریکەرى پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت، هەروەها سیستمێکى رادارى ئاست بەرز و پێشکەوتوى هەیە. . پاتریۆت جگە لە ئەمریکا خۆى لەلایەن وڵاتەکانى (تایوان، میسر، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیسرائیل، ژاپۆن، کوەیت، هۆڵەندا، سعودیە، ئیسپانیا، رۆمانیا، قەتەر، ئەردەن، ئیمارات و کۆریاى باشور)ەوە بەکاردەهێنرێت، کە سەرجەم ئەو وڵاتانە هاوپەیمانى ئەمریکان، هەروەها ئەمریکا لەگەڵ وڵاتى پۆڵەنداش گرێبەستى هەیە بۆ دانانى ئەو سیستمە لەو وڵاتە بۆ رێگریکردن لە موشەکە دور مەوداکان، ئەوەش دواى ئەوەى چەندین جار کۆریاى باکور تاقیکردنەوەى موشەکى دوور مەوداى ئەنجامدا. . مێژوى دروستکردنى پاتریۆت . لەساڵى 1964 وەزیرى بەرگرى ئەو کاتەى ئەمریکا ناوى بەرنامەى سوپا بۆ بەرگرى ئاسمانى گۆڕى بۆ پەرەپێدانى موشەکى زەوى ئاسمانى، دواتر لەساڵى 1975 وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا موشەکێکى سەرکەوتوى بەناوى SAM – D دروستکرد و ناوەکەى کرا بە سیستمى بەرگرى موشەکى پاتریۆت. . لەسەرەتادا ئەم سیستمە دژى فڕۆکە بەکاردەهێنرا بەڵام لەساڵى 1988سیستمەکە نوێکرایەوەو تواناى ئەوەى هەبوو رێ لە موشەکە بالستیە تەکتیکیەکان بگرێت و موشەکە رێگرەکە ناونرا PAC -1 و دواتریش گەشەى زیاترى پێدرا تا بوو بە PAC – 3. بۆچى ئەمریکا دەیەوێت پاتریۆت لە هەرێم جێگیر بکات؟ [تایبەت] . بەشەکانى پاتریۆت . ١- موشەک . دوو جۆر موشەکى لەسەرە کە بریتین لە PAC – 2 و PAC – 3 . PAC – 2  درێژیەکەى 5 مەترەو کێشى هەر موشەکێک 900 کیلۆگرامە کە 90 کیلۆ مادەى تەقینەوەیە و لەکاتى دەرچونى لە سەکۆکەى خێراییەکەى دەگاتە سەرو خێرایى دەنگ. . درێژیەکەى 5 مەترەو کێشى 320 کیلۆیەکە 75 کیلۆى تەقینەوەیە و لەدەنگ خێراترەPAC – 3 . ٢ – سەکۆى هەڵدان . هەر سەکۆیەک دەتوانرێت 4 موشەکى جۆرى (پاک2)ى لەسەر دابنرێت بەڵام لەئێستادا کە تازەترین جۆرى موشەک (پاک 3)یە هەر سەکۆیەک دەتوانێت 16 موشەکى لەسەر دابنرێت هەر موشەکێک لەڕێگەى کەیبڵى Fiber Optic ەوە یاخود  Wirelessەوە بە سیستمى کۆنترۆڵکەرەوە بەستراوە، لەکاتى هەڵدانى هەر موشەکێک باڵێکى هایدرۆلیکى خێرا یەکێک لە موشەکەکان دەخاتە شوێنى بۆ ئەوەى ئامادەبێت بۆ هەڵدان. . ٣- سیستمى رادار  . هەر سەکۆیەکى هەڵدان سیستمێکى رادارى جۆرى AN/MPQ-53/6 ى لەگەڵدایە و تا 100کیلۆمەتر دەتوانێت موشەک ئاشکرا بکات، هەروەها سیستمەکە دەتوانێت جۆر و خێرایى و ئامانجى موشەکەکە ئاشکرا بکات، هەروەها دەتوانێت ئەوەش ئاشکرا بکات کە موشەکەکە هاوڕێیە یاخود هى دوژمنە، دەتوانێت چاودێرى 100 موشەک بکات لەیەک کاتداو کۆنترۆڵى 9 موشەکى جۆرى پاتریۆتیش بکات. . ٤- سیستمى کۆنترۆڵکردن . سیستمى کۆنترۆڵکەرى رادار کۆمپیوتەرێکە کە پەیوەست کراوە بە سیستمى رادارەکەو سەکۆى هەڵدان و ئاراستەکردن، 3 کەس لەسەر ئەو سیستمە کاردەکەن لەحاڵى لەناکاودا بەڵام زۆرینەى کات خۆى ئۆتۆماتیکى کاردەکات، ئەگەر لەیەک شوێندا لە یەک سیستمى زیاتر هەبێت ئەوا سیستمى کۆنترۆڵکەرەکان پەیوەست دەبن بەیەکەوەو لەگەڵ سەکۆى سەرەکیشدا پەیوەست دەبن بۆ ئەوەى تەنسیق لەنێوانیاندا هەبێت لەکاتى هەڵدانى موشەک. . لەمیانەى جەنگى کەنداو و پرۆسەى (گەردەلول بیابان) ئەرکى پاتریۆت ئەوەبوو کە رێگرى لە موشەکەکانى (حسێن) بکات کە موشەکى کورتمەودا بوون و دەنران بە ئیسرائیل و سعودیەوە، یەکەم پرۆسەى رێگریکرن لە 18/1/1991 بوو بەرامبەر موشەکى جۆرى سکۆدى یەک، یەکەم هەوڵى سەرکەوتووى رێگریکردنى پاتریۆت لەمێژودا ناوبرا، بەڵام هەر زوو ئەوە بڵاوکرایەوە کە رێگریکردنەکە هەڵەیەکى کۆمپیوتەرى بووەو هیچ موشەکێکى سکۆد هەڵنەدراوە. . تائێستا بەڕوونى دیار نییە کە سەرکەوتویى سیستمەکە لەسەدا چەندە، بەڵام شارەزایان دەڵێن کە پاتریۆت هەوڵى بەرپەرچدانەوەى 40 موشەکى داوە لەکاتى شەڕى کەنداودا و نەیتوانیوە بەسەرکەوتوویى رێگە لەهیچ موشەکێک بگرێت و رێژەى سەرکەوتنى %10 تێناپەڕێت، هەروەها لە 25ی شوباتى ساڵى 1991یشدا رژێمى عێراق موشەکێکى گرتە بنکەیەکى سوپاى ئەمریکا لە سعودیە 25 سەربازى ئەمریکى کوشت، بەڵام پاتریۆت نەیتوانى رێگرى لەو موشەکە بکات ئەوەش بەهۆى هەڵەیەک لە بەرنامەى سیستمەکە و کە هاتنى موشەکەکەى ئاشکرا کردوە بەڵام نەیتوانیوە شوێنەکەى بدۆزێتەوە. . لە ساڵى ڕابردووشدا سیستەمى پاتریۆت کە لە سعودیە جێگیرکراوە، سەرکەوتوو نەبوو لە روبەڕووبونەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و هێرشە موشەکییەکانى حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانى سعودیە، بەتایبەتى ھێرشەکەى 14ى ئەیلولى 2019ى حوسییەکان بۆ سەر کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودى، کە بەهۆیەوە زیانێکى گەورەى بەرکەوت و نزیکەى 50%ى بەرهەمهێنانى نەوتى سعودیە کەمیکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە