گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەندکراوێکی سیاسیی کورد دوای هەڵاتنی لە زیندانی ناوەندی سەقز لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی ئیران کرایەوە

2020.04.10 - 22:29
بەندکراوێکی سیاسیی کورد دوای هەڵاتنی لە زیندانی ناوەندی سەقز لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی ئیران کرایەوە
بەندکراوێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سازی لەسێدارەدانی هەبووە، دوای هەڵاتنی لە زیندانی شاری سەقز و گەیشتنەسەر سنوری هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزێکی ئاسایشی هەرێم دەستگیردەکرێت و ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە، بەپێی زانیارییەکانیش ئەمشەو لەسێدارە دەدرێت. , هەفتەی رابردوو رۆژی هەینی 3ی نیسانی 2020، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راکردنی نزیکە 100 بەندکراو لە زیندانی ناوەندی شاری سەقز، هەواڵی خۆدەربازکردنی مستەفا سەلیمیش بڵاوبوویەوە، کە بەندکراوێکی سیاسی بووە و بڕیاربوو بەمنزیکانە لەسێدارە بدرێت. , بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ناس کورد لە کەسێکی نزیکی مستەفا سەلیمی دەستیکەوتووە، سەلیمی لەدوای هەڵاتنی توانیبووی خۆی بگەیەنێتە سنووری سەیرانبەند کە سەر بە شاری بانەیە، پاش ئەوەی خۆی دەگەیەنێتە ئەو سنوورە لە لایەن هێزێکی ئاسایشی هەرێم دەستبەسەردەکرێت و رادەستی ئاسایشی پێنجوێن دەکرێ. , ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەو رۆژە واتە هەینی 3ی نیسان سەلیمی رادەستی سنووری سیرانبەند کراوەتەوە و لەوێش لە رێگەی ئاسایشی گەرمەک دەست و پێیان بەستووە و و رادەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووەتەوە. , باسی لەوەشکرد، مستەفا دەیان جار داوای کردووە کە نەیگەڕێننەوە یان تەنیا ڕێگەی بدەن کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا رادەستیان کردووەتەوە. ,   سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەمڕۆ هەینی، پەیوەندییان کردووە بە کەسوکاری مستەفا سەلیمی بۆ ئەوەی کۆتاجار چاویان پێ بکەوێت و بە ئەگەرێکی زۆر ئەمشەو لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا لەسێدارە دەدرێت. , وتیشی، تائێستا نازانن بەرپرسانی سنوری پێنجوێن کارەکەیان بە سەربەخۆ کردووە، یاخود سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگاداری کارەکە بوون. , هاوکات، عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنوسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوەی بڵاوکردوەتەوە کە مستەفا سەلیمی لەدوای هەڵاتنی لە زیندانی سەقز خۆی گەیاندووەتە سنوری هەرێمی کوردستان و دوای دەستگیرکردنی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە. , مستەفا سەلیمی کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی ئیلوو لە ناوچەی تیلەکۆ سەر بە شاری سەقز، ماوەی چەند ساڵێکە بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.