ناس کورد-
ئەندامێکی کوردی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت، کۆرۆنا مەکەنە هۆکار بۆ شاردنەوەی هەموشتێک، نرخی سوتەمەنی بۆ هەرزان ناکەن، دەشڵێت، ئێستا نرخی نەوت دابەزیوە و پێویستە بەنزین و گازیش هەرزان بکرێت.
،
غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "وەك دەزانین نرخی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بازرگانییە، هەر كەمبوونەوەیەك لە نرخی نەوت كاریگەری دەبیت لە سەر نرخی سوتەمەنی لەئێستاشدا داواكاری و خواست بۆ سوتەمەنی كەم بۆتەوە بە هۆی كەرەنتینەكردنی خەڵك و پابەندبونیان بەڕێنماییەکان، وڵاتانی وەك ئوردن و تونس چەندین وڵاتی دیکە، نرخی سوتەمەنییان كەم كردوەتەوە بۆ (20%) لە نرخی ئێستا".
،
ئاماژەی بەوەشكردووە: "هیوادارم لە هەرێمیش نرخی سوتەمەنی بە تایبەتی بەنزین و گاز كەم بكەنەوە هەتا (20%) بەمەش لیترێک بەنزینی (محسن) دەبێتە (450)دیناری عیراقی، چونكە وەك خۆتان دەزانن ئێستا خەڵك دۆخی ئابووری باش نیە و ناكرێت لە بەر بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی و پاڵاوگەكان دەست بەرداری بەرژەوەندی هاوڵاتیان بین".
،
غالب محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو: " داواتان لێدەكەم لە بەر بەرژەوەندی گشتی كار بكەن بۆ هەرزان كردنی بەنزین و گاز، چونكە ناكریت كاتێك نەوت بە( 75 ) دوڵار بوو، ئێستاش بوە بە (33) دولار بەنزین و گاز یەك نرخی هەبێت".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە