ناس کورد-
لەسەر دەستدرێژیکردنەسەر ژنێکی کورد لەلایەن ژمارەیەک کەسی سەربە هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی عێراقی لە پردێ، مەسعود بارزانی هاتەدەنگ و داوا دەکات بەزوترین کات ئەو کەسانە سزا بدرێن، دەشڵێت، هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە كە تاوانی لەوجۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێت.
،
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ماوەی چەند رۆژێکە هەواڵێك لە راگەیاندنەكان بڵاو بووەتەوە كە ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیك بازگەی پردێ دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنێكی كورد كە كەمئەندامە و لە خێزانێكی زۆر هەژار و بێدەستەڵاتی سنووری پارێزگای كەركووكە".
،
ئاماژەی بەوەشکردووە: " داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم دەكەم بە هاوبەشی لێكۆڵینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەونە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان، ئەمە تاوان و ستەمێكی زۆر گەورەیە كە لە هاووڵاتییەكی بێ پەنای كورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازیی سەپێندراوی كەركووک كراوە كە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئەوە راهاتووە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی هاووڵاتیانی كوردی كەركووک و مافەكانیان بكات".
،
مەسعود بارزانی دەشڵێت: " با هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە كە تاوانی لەمجۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەركرێ، ئەم دەستدرێژییە شكاندنی كەرامەتی هاووڵاتییانی نەک تەنیا كەركووک، بەڵكو هەموو كوردە و ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە