ناس کورد-
دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێر و ئاماژەدان بەوەی کە تەندروستییان زۆر باشە و هیچ نەخۆشییەکیان نییە، تەندروستی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەو بۆچوونانە نەخەڵەتێن و بەردەوامبن لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان.
،
لە ڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەنروستیی هەوکێر ڕایگەیاند: " دوابەدوای کەوتنەکاری نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری بۆ پێشوازی کردنی نەخۆشانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، تا ئێستا 92 نەخۆش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری خەوێنراوە و لە ژێرچاودێری پزیشکی دان و خۆشبەختانە باری تەندروستی زۆر بەی هەرەزۆریان جێگیرە و هیوادارین تا تەواوبوونی ماوەی چارەسەریان لە نەخۆشخانەکەمان هەر سەلامەت بن و باری تەندروستیان بە جێگیری بمێنێتەوە".
،
ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژانە چاودێری پزیشکی ئەم نەخۆشانە بەردەوامە لەهەموو ئاستێکی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەداخەوە یەکێك لەم نەخۆشانە گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا نکۆڵی لە دەکات لەبوونی ئەم نەخۆشیە بە بیانووی ئەوەی نیشانەی جەستەیی پێوە دیار نییە.
،
لە ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە: " ئەوە بۆچوونێکی هەڵە و مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان کە خەڵك هاندەدات بۆ بەهەند وەرنەگرتنی ترسناکی ئەم پەتا جیهانییە کە هەموو دونیا گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسەکەن، وا دەکات هاوڵاتیان لەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان ساردبکاتەوە و خوانەخواستە تووشی کارەساتی مرۆیی ببنەوە".
،
بەڕێوەبەرایەتی گستیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: " بە پێویستمان زانی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداربکەینەوە کە هۆشیاربن و نەکەونە داوی ئەم بیروبۆچوونە هەڵانە و دوپاتی دەکەینەوە بە پابەندبوونمان بە ڕێنمایییە خۆپارێزیە تەندروستیەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر کە پشت ئەستورە بەڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زاڵبوونمان بەسەر ئەم پەتایە مسۆگەردەکات".
،
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، یەکێک لە نەخۆشانی کۆرۆنا لە شاری هەولێر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان تەندروستییان زۆر باشە و هیچ نەخۆشییەکیان نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە