ناس کورد-
وەزارەتی دارایی و ئابوری یەکەم هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نا و چەند بڕیارێکی لەوبارەیەو دەکرد، لە گرنگترینیان دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و هەروەها وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان و کارکردنی سندوقی خانەنشینییە.
،
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی نیسانی 2020، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی وئابوری بەسەرپەرشتى ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (4)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا".
،
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ناوەرۆکی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ئەنجومەنی وەزیران کرا کە دوای پەسەنکردنی پەیرەوی یاسای چاکسازی ئەنجامدرا و لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابوری بریاریدا لەسەر:
،
1- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە.
،
2- بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین، کە دەبێتە تاکە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.
،
3- بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنەبەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
،
4- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.
،
5- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەکان.
،
6- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە