ناس کورد-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ئەمساڵ بەتەواوەتی مسۆگەر كراوە، ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانیش ئاشكرای دەكات، لەبودجەی ئەمساڵدا دوو نرخ بۆ نەوت دیاریكراوە و بەوەش لەهەردوو حاڵەكەدا دابەزین و بەرزبونەوە، گەرەنتی موچەی فەرمانبەران و پڕۆژەكان كراوە.
.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانیی عێراق بەڕۆژنامەی سەباحی عێراقى ڕاگەیاندووە، موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی 2020 بەشێوەیەكی تەواوەتی مسۆگەر كراوە.
.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، حكومەتی عێراق ساڵانە بڕی 48 تریلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی خەرجی بەركاربردن لەوانەش موچەی فەرمانبەران پێویستە و لەكاتی كورتهێنانێكی كەمدا بۆ دابینكردنی ئەگەری سەپاندنی باج هەیە.
.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كۆبونەوەی ئۆپیك كە ئەمڕۆ ئەگەری گرێدانی هەیە بەشداری لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوتدا دەكات و ئەو دابەزینەش لە نرخەكەدا بۆ ماوەیەكی كاتییە.
.
لای خۆشیەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەكەی وتووە، ئەركە داراییە گشتییەكان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە هەر لەدابینكردنی موچەی فەرمانبەران و ئەوانەی داهاتیان مامناوەندە و پشتیان بەحكومەت بەستووە و هەر لەچینەكانی خانەنیشی و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی و ئەوانەشی بەهۆی گرتنەبەری ڕێو شوێنەكانەوە زیانیان پێگەیشتووە و بێكاربوون بەشێوەیەك لەشێوەكان دابینكراوە.
.
ڕاوێژکارەکەى سەرۆکوەزیران رونیشیکردەوە، ئابوری نیشتیمانی قوتی هەموو چینەكان دابین دەكات بەشێوەیەكی شەفافانە و خەرجییە حكومییەكانیش بەشێوەیەكی وردتر ڕێكدەخرێنەوە بەدادپەروەرانە بێ ئەوەی هیچ لێكەوتەكەیەكی ئابوری تری بۆ سەر كەرتەكانی تر هەبێت.
.
هاوكات عەبدولحوسێن هەنین، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیران بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، حكومەت مامەڵەیەكی جدی لەگەڵ دۆخی دابەزینی نرخی نەوتدا دەكات و دوو ئاڕاستەی نرخی نەوت هەن بۆ بودجەكە، یەكەمیان ئەوەیە بەرمیلی لە30 دۆلاردا جێگیر بکرێت و بەوەش بەشی پێداویستیە سەرەكییەكان دەكات.
.
ئاڕاستەی دووەمیش ئەوەیە، كە نرخی نەوتەكە بەجێگیركراوی دیاری نەكرێت و زیاتر لە30 دۆلار دابنرێت، بەوەش بەشیكی باش لەپێداویستیەكانی تر دابیندەكرێت وەكو پڕۆژەكان و چەند بەرنامەیەكی تر.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە