ناس کورد-
زیادبوونى جموجۆڵەکانى داعش بەتایبەتى لە ناوچە جێناکۆکەکان و بیابانەکانى عێراق لەکاتێکدا هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێم سەرقاڵى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆرۆنان، جارێکى تر مەترسییەکانى ئەو ڕێکخراوەى هێناوەتەوە بەر باس.
.
دوایین هێرشى داعش لە درەنگانى شەوى ڕابردوودا بوو، کاتێک ژمارەیەک چەکدارى ئەو رێکخراوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە لە ناوچەى کوڵەجۆ سەر بە قەزاى کفرى لە ئیدارەى گەرمیان و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
.
زیاتر بخوێنەوە:
وردەكاری هێرشەكەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر پیشمەرگە لە كوڵەجۆ
.
هەروەها ئەو رێکخراوە بەم دواییانە چەندین هێرشى لە ناوچەکانى باشورى کەرکوک و خۆرئاواى ئەنبار ئەنجامدا کە بەهۆیەوە چەند سەرباز و پۆلیسێک گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
.
ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەمانگى 12ى ساڵى 2017دا بەس نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕێکخراوە، بەڵکو چەند مانگێکى کەم دواى ئەو ڕاگەیاندنە هێرشەکانى داعش دەستیپێکردەوە.
.
جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "مەترسییەکانى داعش هەر ماوە و ئەو ڕێکخراوە تەنها خەلافەتەکەى لەناوچووە، ئەگینا مەترسییەکانى هەر ماوە لەسەر ئاستى جیهان".
.
وتیشى، "داعش لە سنورەکانى حەویجە و چەندین ناوچەى دیکە جموجۆڵى ماوە و تەنانەت لەهەندێک ناوچە بنکەشى هەیە، بۆیە مەترسییەکەى بەردەوامە".
.
زۆرترین ناوچە کە داعش کردویەتیە ئامانج لە هێرشەکاندا، سنورى ناوچە جێناکۆکەکانە کە لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنى ههیه و هیچ هێزێکى تێدا نییە.
.
جەبار یاوەر وتى، "هۆکارى بەردەوامى مەترسییەکانى داعش ئەوەیە حکومەتى عێراق نایەتە ژێر بار بۆ ئەوەى بەهاوبەشى ئەو ناوچانە بەڕێوەببەین و مەترسیەکە نەهێڵین".
.
لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە وەزارەتى پێشمەرگە چەندینجار داواى لە بەغدا کردووە پێکەوە ئەو ناوچانە بەڕێوەببەن، بەڵام هێشتا بەغدا لەو بارەیەوە رەزامەندى نەداوە، هەرچەندە لیژنە هاوبەشەکانى هەردولا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە لەو بارەیەوە.
.
هێرشەکانى داعش بەدرێژایی دوو ساڵى ڕابردوو، بەچەندین شێواز بوون، لەوانە هێرشکردنە سەر خاڵەکانى پشکنین، کاروانى ئۆتۆمبیلى سەربازى، رفاندنى خەڵک و ئازادکردنى بە پارە، چالاکییەکانیشى زیاتر لە شێوەى شەڕى پارتیزانیدا کە لە رێگەى چەند چەکدارێکەوە ئەنجامیداوە و دواتر گەڕاونەتەوە.
.
بەپێی ئەو ئامارانەى لە وەزارەتى پێشمەرگەوە دەست ناس کورد کەوتوون، لەساڵى 2018دا، کۆى ئەو هێرشانەى داعش کردویەتى لەناوچە جێناکۆکەکان 456 هێرش بووە کە 1704 کەس شەهید و بریندار و ڕفێنراو هەبووە، لەساڵى 2019دا 238 هێرش بووە، نزیکەى 1200 کەس شەهید و بریندار و ڕفێنراو هەبووە، لە دوو مانگى ئەمساڵدا زیاتر لە 48 هێرش ئەنجامدراوە.
.
زیادبوونى جموجۆڵ و هێرشەکانى داعش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنرێتەوە، کە یەکێکیان پچڕانى پەیوەندى سەربازیی و نەبوونى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراقە لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە، لە ئێستاشدا کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەچەندین بنکەى سەربازى لە عێراق بەهۆى مەترسی بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە بە هۆکارێکى دیکەى جموجۆڵەکانى ئەو رێکخراوە دادەنرێت.
.
بەپێی گۆڤارى فۆرین پۆلیسى ئەمریکى، ئامانجى داعش گەڕانەوەیە بۆ عێراق لەگەڵ کشانەوەى ئەمریکا، عێراقییەکانیش دەترسن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانى نوێی نێوان داعش و گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانى ئێران.
.
گۆڤارەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو ناوچانەى کە ئەمریکییەکان چاودێریان دەکرد زۆر کەمبوونەتەوە، چەندین ناوچەى بیابانیان بەبێ چاودێرى بەجێهێشتووە.
.
کۆلۆنێل تیک جارلاند، ئەفسەرى ئەمریکى کە لە پڕۆسەکانى بەرەنگاربوونەوەى داعش لەبنکەى سەربازى عەین ئەسەد کاردەکات دەڵێت، "پێشتر چاودێرى ناوچەکمان دەکرد بەقەبارەى ویلایەتى تەکساس، ئێستا لەناوچەیەک کارى گەڕان و پشکنین دەکەین کە قەبارەى بەئەندازەى دالاسە کە شارێکى سەر بە ویلایەتى تەکساسە"، لە ئاماژەیەکدا بۆ کەمبوونەوەى بەرچاوى ناوچەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە