ناس کورد-
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا نیازى خۆى ئاشکراکرد بۆ هەڵپەساردنى یارمەتییە ساڵانەکانى وڵاتەکەى بۆ ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى، ئەوەش دواى ئەوەى رێکخراوەکەى تۆمەتبارکرد بەوەى لایەنگرى چین دەکات.
.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "رێکخراوى تەندروستى جیهانى پارەیەکى زۆر لە ئێمەوە وەردەگرێت، لەکاتێکدا لایەنگرى هەیە بۆ چین و ڕەخنەى لە بڕیارەکەم گرتووە بۆ هاتنەناوەوەى چینییەکان بۆ ناو ئەمریکا".
.
وتیشى "پێویستە پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانمان بکەین لەگەڵ ئەو رێکخراوە، لەبەرئەوەى هەڵەیان کردووە و دەبوو زووتر پەتاى کۆرۆنایان ڕابگەیاندایە".
.
پێشتر ترەمپ ڕەخنەى توندى لەرێکخراوى تەندروستى جیهانى گرت و بە نزیک لە چین و خراپ ئیدارەکردنى قەیرانى کۆرۆنا تۆمەتباریکرد.
.
ئاماژەى بەوەشکردووە، رێکخراوەکە "شکستیهێناوە"، لەکاتێکدا ژمارەى ئەوانەى بەهۆى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە ئەمریکا ١١ هەزار کەسى تێپەڕاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە