گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێمی کوردستان ڕەمەزانێکی سارد بەڕێدەکات.. ئایا مزگەوتەکان دەکرێنەوە؟

2020.04.07 - 20:22
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێمی کوردستان ڕەمەزانێکی سارد بەڕێدەکات.. ئایا مزگەوتەکان دەکرێنەوە؟
ناس کورد – هەڤاڵ  فەتاح مانگی ڕەمەزان نزیکەى 15 ڕۆژی ماوە و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی مزگەوتەکانی داخستووە، وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، کردنەوەی مزگەوتەکان پەیوەستە بە بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. . ڕۆژی 4ی ئازاری ڕابردوو، لەدوای توشبوونی مامۆستایەکی ئاینی تەمەن 70 ساڵ لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆرۆنا و دواتر مردنی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، تەواوی مزگەوتەکان لە سلێمانی داخران، دواتر بڕیارە گشتاندنی بۆ کراوە و لە تەواوی هەرێمی کوردستان خرایە بواری جێبەجێکردنەوەوە. . نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕایگەیاند: "بڕیارە لە دوای ئێوارەی 22ى ئەم مانگە  لیژنەی باڵای بینینی مانگ چاودێری مانگ بکات بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، بەگوێرەی پێشبینییەکانیش، ئەگەری هەیە یەکەمی ڕۆژ بکەوێتە 23 یان 24ی ئەم مانگە". . دوێنێ دووشەممە، 6ی نیسانی 2020، لیژنەى باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا چەند بڕیارێکی تایبەتی دەرکرد کە یەکێک لەوانە بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتوچۆیە تاوەکو 10ی مانگ. . بە قسەى هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەدوای 10ی مانگەوە بە شێوەیەکی خێرا ژیان ئاسایی نابێتەوە، چەند ئاسانکارییەک دەکەن بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن قەرەباڵغی دروست بکرێت، بۆیە ئەگەرێکی زۆرە کە مزگەوتەکان نەکرێتەوە و نوێژی تەراویح و نوێژەکانی تریش نەکرێت لە مزگەوتەکاندا. . "سعودیە پێی وتین ئامادەکاری نەکەین بۆ حەج" سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ڕێوڕەسمی حەجی ئەمساڵی 2020، وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی : "تائێستا ڕێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ بەفەرمی دوانەخراوە ،لەلایەن وڵاتی سعودیەشەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە کە ئەمساڵ وەرزی حەج دوادەخرێت یان نا، تەنها ئەوەمان پێوتراوە کە جارێک دەست بە ئامادەکارییەکان نەکەین، ئەگەر هەرشتێکی نوێش هاتە ئاراوە ئەوا هاوڵاتیانی لێی ئاگاداردەکەینەوە". . سەبارەت بە مافی ئەو حاجیانەی کەوا بڕیاربوو ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، ئایا وەزارەت چ ڕێکارێک دەگرێتەبەر لە حاڵەتی دواخستنی ڕێوڕەسمی حەج؟، نەبەز ئیسماعیل وتی، "ئەگەر لە حاڵەتێکدا ڕێوڕەسمی حەج بۆ ئەمساڵ دواخرا ئەوا لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی کە بڕیاربوو ئەمساڵ بڕۆن بۆ حەج دوادەخرێت بۆ وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو 2021". .

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە