ناس کورد-
بەرکەوتووانى دوو پرسە لە هەولێر، ژمارەى توشبواوانى کۆرۆناى لەو پارێزگایەى بەڕێژەیەکى بەرچاو بەزکردوەوە و ئەو پارێزگاى کردە پێشەنگى پارێزگاکان لەرووى زۆرى ژمارەى توشبووندا.
.
لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێم لە ٢٩ى شوباتدا و تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پارێزگاى سلێمانى لە ریزى پێشەوەى ریزبەندى کۆرۆنادا بوو، بەو هۆیەشەوە زۆرترین رێکارى توند لەو پارێزگایە گیرابونە بەر، بەڵام لە ئێستادا پارێزگاى هەولێر پێشەنگى ریزبەندییەکەیە.
.
رۆژى ٢٩ى شوباتى ئەمساڵ یەکەم توشبووى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان لە سلێمانى تۆمارکرا و لە پارێزگاى هەولێر ڕۆژى شەشى نیسان یەکەم توشبوو تۆمارکرا.
.
تاچەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان ڕۆژانە بەرێژەیەکى بەرچاو رووى لەبەرزبونەوە نەدەکرد، بەڵام ماوەى چەند ڕۆژێکە و بەهۆى دوو پرسەى گەڕەکى کارێزانى هەولێرەوە ژمارەکە بەرێژەیەکى گەورە هەڵکشاوە.
.
رۆژى شەشى ئەم مانگە، بەرزترین ژمارەى توشبوونى ڕۆژانە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکرا، دواى تۆمارکردنى ٤١ حاڵەتى توشبوون لە هەولێر، کە زۆربەیان بەرکەوتەى دوو پرسەکە بوون.
.
بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتى تەندروستى هەولێر، لە ئێستادا کۆى ژمارەى توشبووان لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ١٣٨ کەس، کە ٢٠ کەسیان چاکبوونەتەوە و تا ئێستا کەس بەهۆى توشبوون بەو ڤایرۆسە لەو پارێزگایە گیانى لەدەستنەداوە.
.
دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەرى تەندروستى هەولێر ئەمرۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا هۆکارى هەڵکشانى ژمارەى توشبووانى پارێزگاکەى گەڕاندەوە بۆ دوو پرسەکەى گەڕەکى کارێزان.
.
وتیشى "ئێستا ڤایرۆسەکە چووەتە ناو کۆمەڵگە، بەڵام تا ئیستا هیچ توشبوویەک پێویستى بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد نەبووە و بارى تەندروستیان جێگیرە".
.
لەگەڵ هەڵکشانى ژمارەى توشبوواندا، تەندروستى هەولێر پلانى (سی) خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و نەخۆشخانەى رزگارى تەرخانکرد بۆ توشبووانى کۆرۆنا، بەوەش ژمارەى ئەو نەخۆشخانانەى بەو توشبووەکان تەرخانکراون بووە چوار نەخۆشخانە.
.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا ئێستا لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ٢٨٨ توشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون، ١٠٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و سیانیان گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان لە پارێزگاى سلێمانى بوون.
.
لەکۆى ژمارەى توشبووان، هەولێر لە پلەى یەکەمدایە بە ١٣٨ توشبوو، دواى ئەویش سلێمانى دێت بە ١١٥ توشبوو، پاشان هەڵەبجە ٢٠ توشبوو، دهۆک ١٥ توشبوو.
.
دابەشبوونى توشبووان بەپێی تەمەن
.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، زۆرترین توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان تەمەنیان لەنێوان ١١-٢٠ ساڵدایە، کەمترینیش ئەوانەن کە تەمەنیان لەنێوان ٥١-٦٠ ساڵدایە.
.
هەر بەپێی ئامارەکان، ٤٩.٣%ى توشبووان لەرەگەزى مێن و ٥٠.٧% لە رەگەزى نێرن.
.
وەزارەتى تەندروستى هەرێم زیادبوونى توشبووان لە ئێستادا بە "نائاسایی" دادەنێت، بۆیە پلانیاداناوە ژمارەى پشکنینەکان زیاتر بکات.
.
محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم دوینێ بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو“دواى بەرزبوونەوەى ژمارەکە، ژمارەى پشکنینەکان زیاتر دەکرێت بەتایبەتى لەو شوێنانەى کە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشببووەکان هەبووە”.
.
جەختیشیکردەوە، تۆمارکردنى 41 توشبوو لە هەولێر “حاڵەتێکى نائاسایی” بووە، چونکە بەپێی ستانداردى جیهانى ئەگەر ڕۆژانە چەند توشبویەکى کەم تۆماربکرێت، دۆخەکە بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام ئەمە ژمارەیەکى “نائاسایی” بووە.
.
وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى پێیوایە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ڕۆژانە توشبووى زۆر تۆماربکرێت، ژمارەکە بۆ هەزاران توشبوو بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانەوە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە