ناس كورد-
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرتی فڕۆکەوانی لە جیهاندا دووچاری دۆخێکی دژوار بووەتەوە، فڕۆکەخانەکان لەبری ئەوەی فڕۆکەکان لەوێوە بەرەوە وڵاتەکان هەڵبفڕن و گەشتەکانیان ئەنجامبدن، لە ئێستادا زۆربەیان ڕۆڵی گەراج و کۆگا دەبین بۆ ڕاگرتنی فڕۆکەکان.
.
بەگوێرەی داتاکانی فدراسیۆنی ئاسمانی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە"ئایاتا"، لە ئێستادا 98%ی ڕێڕەو و گەشتە ئاسمانییەکان لە جیهاندا توشی گرفت بوونەتەوە ئەوەش بەهۆی ڕێکارە جۆراوجۆرەکانی خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
.
ئاماژەبەوەشکراوە، پێشبینی دەکرێت لە چارەکی دووەمی 2020دا، کەرتی فڕۆکەوانی لە ئەوروپا بەرێژەی 90% قازانجەکانی لە دەستبدات و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەو کەرتە بەڕێژەی 80% قازانجەکانی لەدەست بچێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ئەمریکا و ئاسیا ڕێژەکەی بگاتە 50%.
.
فدراسیۆنی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە 10 هەزار فرۆکە کە دەکاتە 40%ی کۆی گشتی فڕۆکەکانی جیهان لە ئێستادا لە فرۆکەخانەکان نیشتونەتەوە و نافڕن.
.
لە ئێستادا دابینکردنی جێگایەک لە سەرزەوی بۆ نیشتنەوە و عەمبارکردنی ئەو فڕۆکانە بووەتە کێشەیەکی گەورەی وڵاتان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەموو جیهاندا.
.
هەندێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی هەوڵی ئەوە دەدەن فرۆکەکانیان لە سەر خاکی فرۆکەخانەکان بمێننەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا و پێش دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان کارەکانی پشکنینی سەلامەتیان بۆ بکرێت.
.
فدراسیۆنی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەردوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی "دێلتا و ئێرلاین"ی ئەمریکی ناچاربوون زیاتر لە هەزار فرۆکەیان عەمباربکەن لە فڕۆکەخانەکانی هەردوو ولایەتی ئەتلانتا و جۆرجیا.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا زۆر باشتر نییە لە ئەمریکا، بەجۆرێک لە کۆی 500 فڕۆکە زیاتر لە 150 فڕۆکەیان لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا لە سەرزەوی فڕۆکەخانەکان نیشتوونەتەوە و جەنجاڵییەکی زۆریان دروستکردووە.
.
بەگوێرەی داتاکانی فدراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی، مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی فڕۆکەوانیدا لەم دۆخەدا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاواز، هەندێ وڵات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە فرۆکەکانی لە بنکە سەربازییەکاندا داناوە وەک سویسرا.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێش ئەوەی کۆمپانیاکان فرۆکەکانیان عەمباربکەن دەبێت چەند ڕێکارێک بگرنە بەر وەک داپۆشینی ناوەوەی فڕۆکەکە و خاڵیکردنی لە سوتەمەنی و ڕۆنی بزوێنەرەکانی.
.
بەگوێرەی داتاکانی فدراسیۆنی ئاسمانی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا وەرگرتنی کرێی ڕاوەستانی فرۆکەکان لە سەر خاکی فرۆکە خانەکان دەگاتە 2%ی کۆی گشتی داهاتی فڕۆکەخانەکان.