گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی فەتح: زورفی چانسی نەماوە و فراکسیۆنە کوردییەکانیش پاشگەزبوونەتەوە لە پاڵپشتیکردنی

2020.04.06 - 19:40
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی فەتح: زورفی چانسی نەماوە و فراکسیۆنە کوردییەکانیش پاشگەزبوونەتەوە لە پاڵپشتیکردنی
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح  پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، عەدنان زورفی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو هیچ چانسێکی پێکهێنانی حکومەتی نەماوە و چەند ڕۆژێکی تر شکستی خۆی ڕادەگەێنێت، دەشڵێت، فراکسیۆنە کوردییەکان لە پاڵپشتیکردنی پاشگەزبوونەتەوە. . ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە  (5ی نیسانی 2020) ژمارەیەك لە سەركردە شیعەكانی عێراق لە ماڵی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبوونەتەوە و ڕێككەوتوون لەسەر کاندیدکردنى مستەفا كازمی لە شوێنی عەدنان زورفی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی كاتیی عێراق. . سەعد شاکر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "لەئێستادا عەدنان زورفی چانسی ئەوەی نەماوە حکومەتەکەی پێکبهێنت، دەتوانم بڵێم تەواو ئەو کۆتایی پێهاتووە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا شکستی خۆی لە پێکهێنانی کابینەکەی ڕادەگەیەنێت". . وتیشى، "هەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت ناتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت ئەگەر کۆدەنگی تەواوی لایەنە شیعییەکانی لەسەرنەبێت، زورفیش هەرلە یەکەم ساتەوە لە لایەن زۆربەی لایەنە سیاسییە شعییە کاریگەرەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق ڕەتکراوەتەوە". . لەچەند رۆژى ڕابردوودا عەدنان زورفی ڕاسپێردراوی پێکهێنانی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق بەرنامەی حکومەتەکەى ڕادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد و داوایکرد وادەیەک بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى دیاریبکرێت. . سەعد شاکر هۆکاری سەرەکی ڕەتکردنەوەی زورفی لەلایەن شیعەکانەوە ئاشکرا کرد وتی، "زۆرفی لە کارنامەکەیدا بڕیاری پەرلەمانی عێراقى بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ناو خاکی عێراقیدا پێشێل کردووە و بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بەو خاڵە گرنگە نەکردووە، ئەوە بۆخۆی بەشێکی گرنگە لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق کە دەبێت هەر سەرۆکوەزیرانێک ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ئەوە بێت، بۆیە ئێمە بە توندی ڕەتیدەکەینەوە". . چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو لە سەرداوای زورفی پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەکەی، پەرلەمانتارەکەی فەتح وتی "پەرلەمانی عێراق نە هەفتەی داهاتوو و نەکاتێکی دیکەش کۆدەبێتەوە، مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگە بەهیچ کۆبوونەوەیەک لەو جۆرانە نادات، لە هەمانکاتیشدا لایەنەکان هەموویان کۆکن لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو کەسایەتییە هیچ پێویست بەگرێدانی کۆبوونەوە پەرلەمان ناکات". . دەربارەی هەڵویستی کورد بەرامبەر کەسایەتی عەدنان زورفی و ئەگەری پشتگیرکردینان لە کابینەکە هاوشان لەگەڵ چەند ڵایەنێکی دیکەدا وەک هاوپەیمانی سائرون و نەسر و سونە،  شاکر وتی، "لایەنە کوردییەکان پەشیمانبوونەتەوە لە پشتگیریکردنی زورفی، چونکە کورد نایەوێت پشتگیری لە کەسێک بکات کە کۆدەنگی ماڵی شیعیی لە سەرنەبێت و ڕەتکرابێتەوە، کورد ولایەنە شیعییەکان هاوپەیمانی یەکترن ئەو بنەمایەش لە دەسپێکی پڕۆسەی سیاسی عێراقەوە کاری پێکراوە". .    لێدوانەکەی پەرلەمانتارەکەی فەتح  لەکاتێکدایە کە هەندێک لایەن باسی ئەو دەکەن پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەرەوپێشچوونی بەخۆوە دیوە و یەکێتی و پارتی لەگەڵ عەدنان زورفی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و زورفی ڕازی بووە و وەزیرەکانی ئەو دوو لایەنە کوردییە وەک خۆی بمێننەوە و ئەوانیش پشتگیری لێدەکەن، هەر بۆ ئەومەبەستە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا زورفی بگاتە هەرێمی کوردستان. .. دەربارەی سونەکان شاکر وتی: "ئەگەر باسی سونەکان بکەین، ئەوانیش بەشێکی هەرە زۆر و کاریگەریان لە ناو هاوپەیمانی"بینا"دایە، ئەو سونانەی پشتگیری لە زورفی دەکەن بەشێکی دۆڕاون و کەس حسابیان بۆ ناکات هاوشێوەی مشعان جبوری". .  سەبارەت بەوناوانەی کە ئێستا لەلایەن لایەنە شیعییەکانەوە هاتووەتە بەرباس وەک جێگرەوە بۆ زورفی لە حاڵەتی پۆزشهێنانەوەی، پەرلەمانتارەکەی فەتح وتی: "لە ئێستادا چەند ناوێک بووەتە جێگای تاوتوێکردن و مشتومڕی لایەنەکان وەک عەبدولحسێن عەبتان، وەزیری وەزش و لاوانی پێشوو، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق و سعد روفەیعی، کە سەرۆکی یەکێکە لەزانکۆکانی عێراق". . شاکر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە تائێستا ئەو ناوانە هیچ کامیان بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن لایەنە شیعییەکانەوە وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەسەند نەکراوە، ناوەکان تەنها پێشنیارکراوەن". . ڕۆژی 17 ئاداری ڕابردوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق عەدنان زورفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد. بەپێی ماددەی 76ـی دەستووری عێراق، زورفی 30 رۆژی لەبەردەستە لە ڕۆژی ڕاسپاردنییەوە بۆ پێشکەشکردنی حکومەتەکەی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە