گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەى پشکنینەکان زیاتر دەکرێن

هەرێم خۆى بۆ دۆخى نائاسایی کۆرۆنا ئامادە دەکات

2020.04.06 - 17:52
هەرێم خۆى بۆ دۆخى  نائاسایی کۆرۆنا  ئامادە دەکات
ناس کورد- وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنیازە ژمارەى پشکنینەکانى ڕۆژانە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان زیاد بکات، بۆ گەڕان بەدواى توشبووى دیکەدا، دواى بەرزبونەوەى "نائاسایی" ژمارەى توشبووان لەسەر ئاستى هەرێم. . ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى تۆمارکردنى 41 حاڵەتى توشبوونى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەولێر ڕاگەیاند، کە بەرزترین ڕێژەى تۆمارکردنى ڕۆژانەیە لەسەر ئاستى هەرێم، لەو کاتەوە کە ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە. . محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لەمێژە وتومانە هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسیەکى گەورەدایە، ئەگەر هاوڵاتیان بەم شێوەیە پابەندنەبن بە ڕێنماییەکانەوە مەترسیەکە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت". . تۆمارکردنى توشبووە نوێیەکانى هەولێر دواى ڕۆژێک هات لە ڕاگەیاندنى پلانى (C) لەلایەن تەندروستى هەولێرەوە بە تەرخانکردنى نەخۆشخانەى ڕزگارى بۆ توشبووانى کۆرۆنا کە توشبووە نوێیەکان براونەتە ئەو نەخۆشخانەیە. . بە تۆمارکردنى ئەو حاڵەتە نوێیانە، ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بۆ 277 کەس بەرزبووەوە کە 83 کەسیان چاکبونەتەوە و سێ کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى وتى، "دواى بەرزبوونەوەى ژمارەکە، ژمارەى پشکنینەکان زیاتر دەکرێت بەتایبەتى لەو شوێنانەى کە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشببووەکان هەبووە". . جەختیشیکردەوە، تۆمارکردنى ئەو 41 توشبووە "حاڵەتێکى نائاسایی" بووە، چونکە بەپێی ستانداردى جیهانى ئەگەر ڕۆژانە چەند توشبویەکى کەم تۆماربکرێت، دۆخەکە بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام ئەمە ژمارەیەکى "نائاسایی" بووە. . "ستانداردى جیهانى ئەوەیە ڕێژەکە بەشێوەى کتوپڕ زیاد نەکات، بەڵام ئەمەى ئێستا کە تۆمارکراوە نائاسایی بووە". . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى پێیوایە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ڕۆژانە توشبووى زۆر تۆماربکرێت، ژمارەکە بۆ هەزاران توشبوو بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانەوە. .