ناس کورد-
بەرپرسێكی دۆسیەی هەمەچەشنی بایەلۆژی لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات، بۆ دورخستنەوەی مەترسیەكانی ئاژەڵان لەسەر مرۆڤ و پاراستنی هەمەچەشنیان لەڕووی بایەلۆژییەوە پێویستە بەشێوەیەكی نێودەوڵەتی قەدەغە بخرێتە سەر بازاڕی چەند ئاژەڵێكی ماڵی و كێوی.
.
ئەلیزابێس مارۆما مریما، ئەمینداری جێبەجێكاری ڕێکكەوتنی نەتەوە یەكگرتووەکان بۆ هەمەچەشنی بایەلۆژی ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی دنیا ڕێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بكەن لەڕێگەی قەدەغەكردنی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی زیندوو و مردوو كە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن و هۆشداریشی لە دەرئەنجامەکانی ئەو كارە داوە.
.
دوای بڵابونەوەی کۆرۆنا چین بەشێوەیەكی كاتی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی داخست، ئەو ئاژەڵانە لەنێو قەفەسەكاندا زۆر كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا، بەڵام جاروبار بەدەربوون لە مەرجی تەندروستی و دەكرێت ئەوەش هۆكارێكی گواستنەوەی پەتاكە بن.
.
مریما دەڵێت، پەیوەندیەكی ڕوون لەنێوان وێرانكردنی سروشت و نەخۆشییە مرۆییە نوێیەكاندا هەیە و گەر گرنگی بە سروشت نەدرێت ئەوا ئەویش گرنگی بە مرۆڤ نادات.
.
زیانە بۆ كۆمەڵگە هەژارەكان
هەندێك پێیانوایە پێویستە قەدەغەی بازاڕەكانی ئەو ئاژەڵانە بكرێت وەک چۆن چین و چەند وڵاتێكی تریش كردیان، بەڵام هەندێكی تر دەڵێن، ئەو هەنگاوە زیان بە ئابوری گوندە هەژارەكان دەگەیەنێت كە بۆ بازرگانیكردن پشتیان بەو جۆرە ئاژەڵانە بەستووە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەفریقیا.
.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هیچ جێگرەوەیەكی تر بۆ ئەو جۆرە كۆمەڵگایانە نییە و كردنەوەی ئەو بازرگانیكردنەش بەشێوەیەكی نایاسایی بەو ئاژەڵانە ڕەنگە بەرەو قەیرانێكی گەورەترە بیانبات بەهۆی ئەوەش ئەگەری قڕتێكەوتنیان هەیە.
.
باسی لەوەش كردووە، پێویستیان بە پێداچوونەوە بەچۆنیەتی دەستەبەركردنی هاوسەنگی لەنێوان قەدەغەكردنی ئەو بازاڕانە و دانانی یاسایەك هەیە بۆ ڕێگریكردن لە بازرگانیكردنی نایاسایی پێیانەوە ئەوەش لەداهاتوودا.
.
قەدەغەكردنی بازاڕە گەرمەكان
جین فەنگ تشۆ، ئەمینداری گشتیی دامەزراوەی چین بۆ پاراستنی چەشنایەتی بایەلۆژی و پەرەپێدان داوای لە دەسەڵاتداران كردووە، بەشێوەیەكی هەمیشەی ئەو جۆرە بازاڕانە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئەو جۆرە ئاژەڵانە دابخەن.
.
تشۆ وتوشیەتی، لەسەر ئەوە ڕەزامەندە كە قەدەغە بخرێتەسەر ئەو بازاڕانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەوەش یارمەتی پاراستنی چەشنی ئەو جۆرە گیانلەبەرانە دەدات، هەروەها یارمەتیدەریشە بۆ خۆپاراستنی مرۆڤ لە مەترسیەكانی ئەو جۆرە ئاژەڵانە.
.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، زیاتر لە 70%ی سەرچاوەی نەخۆشییەكانی مرۆڤ لە گیانلەبەرە ماڵییەكانەوەیە و چەند جۆرێكیش لەو ئاژەڵانە هەڕەشەی قڕبوونیان لەسەرە بەهۆی خواردنیانەوە لەلایەن مرۆڤەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە