ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا لە وەزارەتى ناوخۆ دەکات، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ھێرشی سەر پزیشکێکی شاری سلێمانی بکات.
.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکى کورتدا کە لەسەر هەژمارەکەى لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە "داوا لە وەزارەتێ ناوخۆ دەکات لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ھێرشی سەر پزیشکێکی شاری سلێمانی بکرێت و ڕێککاری یاسایی بگیرێتە بەر".
.
ئەمڕۆژمارەیەک لە پزیشکانی سلێمانی ڕایانگەیاند، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پزیشکێک دراوە، ئەگەر تاوەکو ئەم ئێوارەیە وەزارەتی ناوخۆ داوای لێبوردنیان لێنەکەن دەوام ڕادەگرن.
.
ئەو پزیشکانە لە داواکارییەکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، دەستەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا و سەندیکاى پزیشکانی کوردستانیان کردووە، جەختیان کردووەتەوە، دەبێ لێپێچینەوەی جددی لەو بابەتە بکرێت و تاوانبار یەکسەر سزا بدرێت و وەزارەتی ناوخۆ بە فەڕمی داوای لێبوورن بکات.
.
ئاماژەیان بەوەشکردووە "ئەم سوکاتیە و بێ ڕێزی و هەراسانکردنی پزیشکان دەستبەجێ ڕابووەستێنرێت کە لە بازگە و خاڵە پشکینەکان چەند ڕۆژێکه دەرهەق پزیشکان دەکرێت، لەمەولا تەنها بە پێناسی سەندیکا بۆیان هەبێت هاتووچۆ بکەن".
.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ توندتر بکات و ڕایگەیاند، هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی پێناس و ڕێگەپێدانەکانیان بۆ کاری تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە