ناس کورد-
ژمارەیەک لە پزیشکانی سلێمانی ڕایانگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سوکایەتییان پێبکرێت، دەشڵێن، کار گەشتووەتە ئەوەی لە پزیشکێکیان بدرێت و ئەگەر تاوەکو ئەم ئێوارەیە وەزارەتی ناوخۆ داوای لێبوردنیان لێنەکەن دەوام ڕادەگرن.
.
لە داواکارییەکدا کە ژمارەیەک لە پزیشکانی سلێمانی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، دەستەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا و سەندیکاى پزیشکانی کوردستانیان کردووە، تیایدا هاتووە: " دوای ئەوەی پزیشکان وەک چۆن بە فیعلی لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایەدان، بە هەموو شێوەیەک خەریکی هۆشیارکردنەوەی خەڵکن، سەرەڕای دواکەوتن و فەوتانی چەندان مووچە و شایستە داراییەکانمان، بەرداوامین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان".
.
ئاماژەیان بەوەشکردووە: " بەڵام بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان لەم ڕۆژانەی کە خەڵک هەمووی لە ماڵەوە دانیشتوون و ئێمە ژیانی خۆمان و خاو و خێزانمان دەخەینە مەترسیەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە سوکایەتیمان پێ بکرێت، تا کار بگاتە ئەوەی لە هاوپیشەیەکمان بدرێت".
.
ئەوەشیانخستووەتەڕوو:" ئێمە وەکو پزیشکانی کوردستان لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە دەبێ لێپێچینەوەی جددی لەو بابەتە بکرێت و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کاری ئەوهادا هەڵوێستی تووندترمان دەبێت".
.
ئەو پزیشاکانەی سلێمانی داوایانکردووە:
.
1 - دەبێ لێپێچینەوەی جددی لەو بابەتە بکرێت و تاوانبار یەکسەر سزا بدرێت.
2 - وەزارەتی ناوخۆ بە فەڕمی داوای لێبوورن بکات بەپەله .
.
3 - ئەم سوکاتیە و بێ ڕێزی و هەراسانکردنی پزیشکان دەستبەجێ ڕابووەستێنرێت کە لە بازگە و خاڵە پشکینەکان چەند ڕۆژێکه دەرهەق پزیشکان دەکرێت، لەمەولا تەنها بە پێناسی سەندیکا بۆیان هەبێت هاتووچۆ بکەن .
.
4 -- ئەگەر تا سەعات شەشی ئێوارە داواکاریەکان جێ بەجێ نەکرێن ، ئەوا تێکڕای پزیشکان مان دەگرن له دەوام له سبەینیەوە و دەوام ڕادەگێرێت.
.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ توندتر بکات و وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی پێناس و ڕێگەپێدانەکانیان بۆ کاری تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە