ناس کورد-
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە پێنج موشەک هێرشکرایە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی لە پارێزگای بەسڕە و زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیاکە کەوت، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، کارمەندان و کرێکارە ئەمریکییەکان کۆمپانیاکەیان جێهێشتووە.
.
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای بەسرەوە بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 6ی نیسانی 2020)، پێنج موشەک ئاڕاستەی کۆمپانیای هالبرتۆنی نەوتی ئەمریکی کراوە.
.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، زیانێکی ماددی زۆر بەر کارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە کەوتووە، هەروەها یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک بیرە نەوتی نێوان ناحیەی سەفوان و شارۆچکەی زوبێر کەوتووەتە خوارەوە.
.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەهۆی مەترسی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، کارمەندان و کرێکارە ئەمریکییەکان کۆمپانیاکەیان بەجێهێشتووە.
.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەوە ئاشکرانەکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران، گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران تەشەنەی سەند و ناوبەناو بنکە و بارەگا ئەمریکییەکان لە عێراق لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران دەکرێنە ئامانج.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە