گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو وڵاتانەى زەرەرمەندترين وڵاتانى كۆرۆنان ژمارە نوێكانيان هيوا بەخشن

2020.04.05 - 20:43
ئەو وڵاتانەى زەرەرمەندترين وڵاتانى كۆرۆنان ژمارە نوێكانيان هيوا بەخشن
ناس کورد-    دواى چەند هەفتەيەكى پڕ نەهامەتى كە تێيدا ژمارەكانى توشبوان و گيانلەدەستدان بەهۆى ڤايرۆسى كۆرناوە لە چەندين دەوڵەت بەشێوەيەكى زۆر خێرا  زياديان دەكرد، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا ئەو ژمارانە ڕويان لە خاوبونەوە كرد هەرچەند كەميش بێت، ئەوەش وەك هيوايەك سەير دەكرێت كە جيهان پێويستى پێيەتى لە بارودۆخێكى وەك ئێستادا. .  ئيسپانيا  ڕۆژى يەكشەممە 5\4\2020 ئيسپانيا تۆماركردنى 674 قوربانى ڤايرۆسەكەى لە ماوەى 24 كاتژمێرى ڕابردودا ڕاگەياند، ئەوەش كەمترين ژمارەيە لەماوەى 10 ڕۆژى ڕابردودا تۆمار كرابێت و سێيەم ڕۆژە لەسەر يەك كە ژمارەى گيانلەدەستدان لەو  وڵاتە كەمدەكات. . بەو پێيەش ڕێژەى گشتى پاشەكشەى ژمارەى گيانلەدەستدان 5.7% كەميكردوە لەماوەى 24 كاتژمێرى ڕابردودا و لە چەند ڕۆژى ڕابردوشدا كەمكردنەوەى ژمارەكە 30% كەميكردبوو لە يەك ڕۆژدا وەك ئاژانسى "فرانس پرێس" باسى كردوە. . لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە لە ئيسپانيا ژمارەى توشبوان گەيشتوەتە زياتر لە 130 هەزار ئەوەش دوەم وڵاتە لە ڕيزبەندى بونى زۆرترين ژمارەى توشبوو لە دواى ئەمريكا، هەروەها ژمارەى ئەوانەى گيانيان لەدەستداوە گەيشتوەتە نزيكەى 12 هەزار و پێنجسەد و بەوەش دووەم وڵاتە لە ژمارەى گيانلەدەستدان لەدواى ئيتاڵيا، بەرزترين ڕێژەى گيانلەدەستدانى ڕۆژانەش 950 كەس بوو كە ڕۆژى پێنج شەممەى ڕابردو بوو. . ئيتاڵيا ئيتاڵياى دراوسێى ئيسپانيا كە گەورەترين ژمارەى قوربانيانى لە جيهاندا تۆمار كردوە ژمارەكانى وردە وردە ڕوو لە كەمبونەوە دەكات، دەستەى پارێزگارى مەدەنى ئاماژەى بەوە داوە كە ژمارەى گيانلەدەستدان بە ڤايرۆسى كۆرۆنا 681 كەس زيادى كردوەو گەيشتوەتە 15362 كەس. . تۆماركردنى ئەو ژمارەيەش بەراورد بەڕۆژانى پێشوتردا كەمیكردوە و بۆ يەكەمجار ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسەكە كە لە ژێر چاودێرى وردان بەرەو كەمبونەوە چوە، ئيتاڵيا كە لە كۆتاييەكانى مانگى دووى ئەمساڵ يەكەم توشبوى ڤايرۆسەكەى تۆمار كرد گەورەترين زەرەرمەندە و تائێستاش لەكۆى نزيكەى 125 هەزار توشبوو نزيكەى 21 هەزار كەس چاكبونەتەوە. . ئەڵمانيا لەلايەكى ترەوە ئەڵمانيا سێيەم وڵاتە كە ژمارەى توشبوانى ڕۆژانەى بەرەو كەمبونەوە دەچێت و ئەويش بەشێكە لەو وڵاتانەى كيشوەرى ئەوروپا كە ژمارەكانى هيوا بەخشن. . داتاكانى پەيمانگاى "ڕۆبەرت كوخ" ئەوە پيشان دەدەن كە ژمارەى توشبوان لە 24 كاتژمێرى ڕابردودا 5936 كەس زيادى كردوە و بەوەش كۆى توشبوان گەيشتوەتە زياتر لە 97 هەزار بەڵام ژمارەكان كەميانكردوەو ڕۆژى شەممە ژمارەى توشبوانى نوێ 6082  بوەو و هەينيش 6174 كەس بوە. . ژمارەى گيانلەدەستدان بەراورد بە وڵاتانى ترى زەرەرمەندى ڤايرۆسەكەو بەراورد بە ژمارەى توشبوان لە ئەڵمانيا كەمە و تائێستا 1478 كەس گيانيان لەدەستداوە. . ئوستراليا بەرپرسانى كەرتى تەندروستى ئوستراليا ڕۆژى يەكشەممە ئاماژەيان بەوەدا كە ژمارەكان جێى هيوان و بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە خاوبوەتەوە، بەڵام كۆت و بەندەكانى دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى وەك خۆى دەمێنێتەوە و چەند مانگێك جێبەجێ دەكرێن. . بريندان ميرفى گەورە بەرپرسى پزيشكانى ئوستراليا دەڵێت "لەماوەى 24  كاتژمێرى ڕابردودا 139 توشبوو تۆمار كراوە بەوەش ژمارەى گشتى توشبوان گەيشتوەتە 5687 كەس و كۆى گشتى ئەوانەشى گيانيان لەدەستداوە 34 كەسن. . بەپێى ژمارەكان تۆماركردنى توشبوانى ڕۆژانە 5% كەميكردوە، ميرفى تەئكيديش دەكاتەوە كە "متمانەى تەواويان هەيە ئەگەر خەڵك پابەندى رێنماييەكان بێت ئەوان وەك وڵاتانى ترى جيهانمان لێنايەت". . لاى خۆشيەوە "دانيێڵ ئاندروز" سەرۆكى وەزيرانى ولايەتى ڤيكتۆريا وتويەتى "سەركەوتنێكى باش بەدەستهاتوە لە خاوكردنەوەى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ئوستراليەكان ڕێگەيەكى درێژيان لەبەردەم ماوە بيبڕن". . تەنها ئەم دەوڵەتانە نين و سەرەڕاى ئەوەى چەندين دەوڵەت ژمارەى توشبوان و گيانلەدەستدان تێياندا ڕوو لەبەروبونەوەى بەردەوامە، بەڵام لە چەندين دەوڵەتى تر ژمارەكان ڕويان لە كەمبونەوەيە، بەشێوەيەكى گشتيش كۆى گشتى ژمارەى توشبوان لە جيهاندا گەيشتوەتە زياتر لە مليۆنێك و 235 هەزار و تائێستاش زياتر لە 67 هەزار كەس گيانيان لەدەستداوە، ئەمريكا يەكێكە لەو وڵاتانەى ژمارەكان تێيدا خاو نەبونەتەوەو ڕۆژانە بەردەوامە لە تۆماركردنى ژمارەيەكى زۆر توشبوو و گيانلەدەستدان. .