ناس کورد-
وێڕای دانەبەزین لەئاستی مەترسیداری ژمارەی توشبووان و مردن بەهۆی كۆرۆناوە لەو وڵاتەدا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران دەستپێكردنەوەی چەند چالاكییەكی ئابوری وڵاتەكەی لەهەفتەی داهاتوەوە ڕاگەیاند.
،
ئەمڕۆ یەك شەممە، 5ی نیسانی 2020، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران، وادەی دەستپێكردنەوەی چەند چالاكیەكی ئابوری كە كەمتر مەترسیان لەسەرە ڕاگەیاند.
،
بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستیدا، هەموو چالاكیەكی ئابوری كە مەترسی كەمتر لەسەرە لە شەممەی داهاتووەوە دەستپێدەكات.
،
ڕۆحانیی وتوشییەتی، یەک لەسەر سێی كۆی هەموو فەرمانبەرانی حكومەت لەدەرەوەی ئۆفێسەكانی خۆیانەوە دەستبەكارەكانیان دەكەنەوە و ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری كەرەنتینەكردن لەماڵەوە نیە كە وەزارەتی تەندروستی دەریكردووە.
،
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێی شەممە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران زیاتر لە دوو هەزار و 500 كەسی تری توشبووی بەڤایرۆسەكە ڕاگەیاند و هەروەها ڕاگەیاندنی 158 حاڵەتی مردن بەهۆی كۆرۆناوەوە و بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش تەشەسەندنی پەتاكە لەو وڵاتەدا لەئاستی مەترسی دانەبەزیووە و بەردەوامە، بەڵام بۆ دانەڕوخانی ئابوری تەواوەتی ئەو وڵاتە هێشتا حكومەت كەرەنتینەی گشتیی ڕانەگەیاندووە و چالاكیە ئابورییەكانیشی دەستپێكردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە