کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا
ناس کورد چیرۆكى یه‌كێك لەو تاوانانە بڵاودەکاتەوە کە ئەو باندەی ئەمڕۆ لەسلێمانی دەستگیرکران، ئەنجامیان داوە، کە هەوڵی فڕاندنی کەسێکە بەناوی دارا و کوشتنی کوڕەکەیەتی بەناوی مەریوان.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، ڕایگه‌یاند، "باندێكی ترسناك" دهستگیكراون كه چه‌ندین تاوانیان ئەنجامداوە. بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئه‌مڕۆ له گه‌ڕه‌كى قولهڕهئیسى شارى سلێمانى سێ تۆمه‌تبارى وه‌ك باندێكى مه‌ترسیدار به میدیاكان ناساند، لیوا حه‌سه‌ن نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بانده‌كه تاوەکو ئێستا دانیان بەوەدا ناوە کە دوو کەسیان کوشتووە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە لەو کاتەوەی لێکۆڵینەوە دەکات و لەو دەزگایەدا، گرووپی وا مەترسیداری نەبینیوە، "شەوانە بەنێو شاری سلێمانیدا گەڕاون کە هیچیان خەڵکی سلێمانی نین، هەرکاتێ ئۆتۆمبێلێکیان دزیوە هەوڵیانداوە خەڵکەکەشی لەگەڵدا بڕفێنن بۆ ئەوەی بەڵگە بەدەستەوە نەدەن و پۆلیس و ئاسایش ئاگادارنەکەنەوە".
مه‌ریوان دارای تەمەن 27 ساڵ یه‌كێكە له قوربانییەکانی ده‌ست ئه‌و بانده، له كاتێكدا ده‌یه‌وێت هاوكارى باوكى بكات و بیپارێزێت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه به كوشتنى خۆى كۆتایى دێت.
كه‌سێكى نزیك مه‌ریوان دارا، چیرۆكه‌كه‌ى بۆ ناس كورد گێڕایه‌وه و باسی لەوە کرد، شەوی 12ی کانونی یەکەمی 2018 باوك و دایكى مه‌ریوان له ماڵى داناى براى مه‌ریوان ده‌بن، كه ماڵى جیایە و نزیكه له ماڵ باوكیه‌وه، كاتژمێر 11:30 خوله‌كى شه‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.
بەهۆی ئەوەی خێزانی دانا لەو شەوەدا منداڵی بووە، دایکی مەریوان و دوو خوشکە بچوکەکەی لەوێ دەمێنەوە، مەریوان و محەمەدی براشی لەگەڵ باوکیاندا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
داراى باوكى مه‌ریوان ده‌چێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و له‌گه‌ڵ دوو له كوڕه‌كانى ده‌یانه‌وێت ئه‌و شه‌وه له ماڵه‌كه‌ى کە ده‌كه‌وێت گه‌ڕه‌كى شه‌هیدانى سه‌رچنار له سلێمانى پێكه‌وه بمێننه‌وه، به‌ڵام داراى باوكى مه‌ریوان پێش چوونه بۆ ماڵه‌وە، دەیەوێت سەردانێکی دووکانەکەی بکات کە دووکانی کەرەستەی بیناسازییە و لەبەردەم ماڵی خۆیاندایە.
دارا ده‌یه‌وێت گڵۆپى دوكانه‌كه‌ى بكوژێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه‌ى بۆ دوكانه‌كه دوو كه‌سى ده‌مامكدار په‌لامارى ده‌ده‌ن و میللى ده‌مانچه‌ى لێڕادهكێشن، دوو كوڕهكهشەی له‌وكاته‌دا دێن بە هانای باوکیانەوە. لەو کاتەدا یەکێک لە دوو دەمامکدارەکە فیشەکێک دەنێت بە دڵی مەریوانەوە و باوکیشی بریندار دەکەن و دواتر هەڵدێن.
محەمەد مەریوان دەبات بۆ نەخۆشخانە، دارای باوکیشی بە سەر و چاوی خوێناوییەوە لە دووکانەکەدا دەکەوێت و خەڵک دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، دواتر باوکەکە دێتەوە هۆش خۆی، بەڵام مەریوانی کوڕی دوای هەشت خولەک لە برینداربوونی بەهۆی پێکرانی شا دەماری دڵیەوە گیان لەدەستدەدات.
"تاوانبارەکان ویستوویانه هه‌مان شێوه‌ى كوشتنى تارقی به‌قاڵ دووباره بكه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت سویچى ئۆتۆمبیله‌كه‌شیان لێسه‌ندووه و ڕایان كێشاوه و ویستویانه بیبەن بۆ ناو ئۆتۆمبیله‌كه و شوێن بزرى بكه‌ن و سه‌یاره‌كه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن،" ئەوەش بە وتەی کەسە نزیکەکەی ئەو خێزانە وەک ئاماژەدانێک بۆ یەکێک لەو تاوانانەی دیکەی ئەو باندە.
دوای پێنج مانگ لەو ڕووداوەکە، ئەمڕۆ کە دارای باوکی مەریوان تاوانبارەکانی لە تەلەفزیۆن بینیووە، ئەو کەسەی ناسیوەتەوە کە هێرشیان کردەسەر خۆی و کوڕەکەیان کوشت. بەوتەی کەسە نزیکەکەی ئەو خێزانە، ئەوان ئەو تاوانبارە ناناسن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵدا نییە.