ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، 18 تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری ھەولێر دەستنیشانکران، کە هەشت پیاو و شەش ئافرەت و چوار منداڵن.
.
له راگهیهندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، هەموویان بەرکەوتەی تووشبووێکی پرسەی ماتەمینی گەڕەکی کارێزانن و دانیشتووی چەند گەڕەکێکی جیاوازی شاری هەولێرن.
.
لەئێستادا کۆی گشتی تووشبووانی پرسەی ماتەمینیەکەی گەڕەکی کارێزان بووە 32 تووشبوو.
.
بەگوێرەی ئامارەکانی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم، زیاتر لە %70ی توشبووانی ڤایرۆسەکە گەنجان و منداڵانن و کەمتر لە %30یشیان لەسەروو تەمەنی 50 ساڵییەوەن، تەندروستیی هەرێمیش دەڵیت، هۆکارێکی زۆر توشبوونی گەنجان بەهۆی زیاتر گەشت کردیان لە پێشوودا و ئێستاش بەهۆی پابەندنەبوونیانە.
.
ئامارەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە بڵاوکراونەتەوە، تائێستا 214 توشبوو لە هەرێم هەن، %70ی توشبووان تەمەنیان لەنێوان خوار تەمەنی 10 ساڵان تا 40 ساڵن و هەروەها %13.6یان لەنێوان 40 بۆ 50 ساڵن و تەنها %6.2یان تەمەنیان لەنێوان 51 بۆ 60 ساڵیدایە.
.
ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرینەی توشبووان کەسانی گەنج و کەمترین کەسی بەتەمەن لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بووە، هەروەها %53.9ی توشبووان لە ڕەگەزی نێرن و %46.1 لە ڕەگەزی مێن.
.
محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی وت: "هۆکارێکی زیاتر توشبوونی گەنجان لە هەرێم ئەوەیە ئەوانەی بەهۆی گەشتکردنەوە توشبوون زیاتر گەنجانن، چونکە گەنجان زیاتر گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن".
.
وتیشی، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ئێستا ژمارەکان زیاتر دەبن لە ناوخۆدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گەنجان زیاتر تێکەڵاوی دروستدەکەن و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و بە بەراورد بە بەتەمەنەکان کە کەمتر دەچنەدەرەوە.
.
دەربارەی ئەوەی کەمی توشبووی بەتەمەن هۆکاری ئەوەیە کە تەندروستیی توشبووانی هەرێم باش و جێگیرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێم و جیهانیش کەسانی بەتەمەنیش چاکبوونەتەوە و بارودۆخیان جێگیر بووە.
.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 232 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و سێ کەسیش گیانیانلەدەستداوە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، هەروەها بە فەرمی چاکبوونەوەی 74 کەس ڕاگەیەندراوە و دوێنێ سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ بە ناس کوردی وت، 11 کەسی دیکە چاکبوونەتەوە بەڵام تائێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەوەش ژمارەی چاکبووان دەگاتە 85 کەس.