کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ڕێنماییەکی نوێ بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی ئەمساڵ دەردەکات و سزای گزیکردنیشی لەچاو ساڵانی ڕابردوودا قورستر کردووە.
نورەدین عوسمان بەڕێوەبەری تەكنیكی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ناس كوردی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێنمایی نوێی وەزارەتی پەروەردە، هەر خوێندكارێكی پۆلی 12 گزی بكات، ئەوا سزاکەی لە ساڵانی ڕابردوو قورستر دەبێت.
سزاکە بەشێوەیەکە ئەگەر ئەو خوێندکارەی گزی دەکات یەکەم ساڵی بوو لە پۆلی 12، ئەوا جگە لەوەی لەو ساڵەدا بە کەوتوو هەژماردەکرێت، هاوکات بۆی نییە ساڵی داهاتووش بخوێنیت و تاقیکردنەوە بکات، لە ساڵی سێیەمیشدا دەبێت ڕووبکاتە خوێندنی ئێواران و دواتر تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەنجام بداتەوە.
هەر بەپێی ڕێنماییەکان، ئەگەر خوێندکارەکە دووەم ساڵی بوو لە پۆلی 12 و گزی کرد، ئەوا ساڵی دواتریش مافی تاقیکردنەوەی نابێت و لە ساڵی سێیمەدا تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەنجام بدات. ئەگەر خوێندکارەکە دەرەکیش بوو، ئەوا بە هەمان شێوە پێویستە لە ساڵی سێیەمدا تاقیکردنەوەی بەرایی ئەنجام بداتەوە.