ناس کورد-
ئاماری توشبووان و مردووان بەهۆی کۆرۆنا لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، بەپێی داتای فەرمی، تەنها لە ماوەى چوار ڕۆژدا، 343 هەزار کەس لە جیهاندا توشی نەخۆشییەکە بوون و 22 هەزایش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
.
ناس کورد بۆ ئەم بابەتە داتای کۆتایی ڕۆژی 31ی ئازاری وەرگرتووە تاوەکو کۆتایی ڕۆژی 4ی نیسان، واتە چوار ڕۆژی تەواو، تێیدا دەرکەوتووە کە هێڵکاری ئامارەکە هێشتا بەرەو سەرەوە دەچێت و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دابەزینی.
.
کۆتایی ڕۆژی 31ی ئازاری 858 هەزارو 361 حاڵەت تۆمارکرابوو، بەڵام لە کۆتایی ڕۆژی 4ی نیساندا، ژمارەکە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 201 و 483 توشبوو. لە ئێستادا (یەکشەممە، 5ی نیسانی 2020) ژمارەکە بووە بە یەک ملیۆن و 202 هەزار و 715 توشبوو کە دەکاتە نزیکەى 29%ی کۆی توشبووان.
.
هاوشێوەی ژمارەى توشبوون، لەو چوار ڕۆژەدا، ژمارەى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە زیادی کردووە، بە شێوەیەک تەنها لەو چوار ڕۆژەدا، 22 هەزار و 382 کەس بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا گیانیانلەدەستداوە.

واتە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەوە تاوەکو ڕۆژی 31ی ئازاری، 42 هەزار و 309 کەس مردبوون، بەڵام لەو چوار ڕۆژەدا بەرزبووەتەوە بۆ 64 هەزار و 382 حاڵەتی مردن، واتە یەک لەسەر سێی مردووان لەو چوار ڕۆژەدا بوون.
.
لەبارەى شوێن و وڵاتی توشبووان و مردووان، هەرچەندە سەرەتا ڤایرۆسەکە لە چین بڵاوبووەوە، بەڵام ئەمریکا ڕیزبەندی سەرەوەى گرتووە و 311 هەزار توشبووی هەیە، هەروەها هەشت هەزار و 454 حاڵەتی مردنیشی هەیە.
.
لەدوای ئەو ئیسپانیا دێت کە 124 هەزار حاڵەتی هەیە و 11 هەزار و 947 حاڵەتی مردنیشی هەیە.
.
هەرچەندە لە ژمارەى توشبوواندا ئیتاڵیا ڕێزبەندی سێیەمی هەیە کە 124 هەزار و 632 حاڵەتە، بەڵام لە ژمارەى مردوواندا لە ڕیزبەندی یەکەمدایە و 15 هەزار و 362 حاڵەتی مردنی هەیە.