ناس کورد-
هەشت گروپی چەكداری شیعەكانی عێراق بۆ دەركردنی ئەمریكا و ڕەتكردنەوەی عەدنان زروفی یەكیانگرت و پەیامێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
.
ئەو هەشت گروپە لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەیاندا دژایەتی خۆیان بۆ ئەمریكا وەكو داگیركەری عێراق دووپاتكردەوە و هاوكات دژایەتی خۆیان بۆ عەدنان زروفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دووپاتکردەوە.
.
هەشت گروپەکە کە عەسائیبی ئەهلی هەق و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدای تێدایە دەڵێن، بوونی هێزەكانی ئەمریكا بەهێزی داگیركەر هەژمار دەکەن و بەو پێیەش مامەی لەگەڵ دەكەن.
.
ئەو هەشت گروپە چەکدارییەی شیعەکان بریتین لە عەسائیبی ئەهلی هەق، جوڵانەوەی ئەوفیا، جوڵانەوەی جوندی ئیمام، جوڵانەوەی نوجەبا، كەتیبەكانی سەیدولوشوهەدا، كەتیبەكانی ئیمام عەلی، سرییەكانی عاشورا و خۆراسانیی.
.
پەیامی ئەو گروپانە زمانی هێزی تێدا بەكارهێنراوە و دەڵێن هێرشەكانی ئەمدواییە تەنها هەوڵێكی بچوك بووە.
.
پەیامی دووەمیش ڕووەوە لایەنە سیاسیەكانە و هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ ڕەتكردنەوەی عەدنان زروفی ڕوونكردووەتەوە.
.
لە پەیامی سێهەمیشدا ڕوویان لە گەلی عێراق كردووە و وتویانە ئەوان لە شوێنی هەموو قەیرانێكدا ئامادەییان هەیە و بەڵێنی قوربانیی و بەگژاچونەوەی ئەمریكایانداوە و ڕێگە نادەن ئەمریكا بەردەوام بێت لەداگیركردنی خاكەكەیان و دزینی سەروەت و سامانەكەی.