ناس کورد-
نائلە شيرين جلى بوكێنى و سەرجەم پێداويستيەكانى ئاهەنگى هاوسەرگيريەكەى بە دڵخۆشيەكى زۆرەوە ديارى كرد و تەنانەت شوێنى بەسەربردنى مانگى هەنگوينيشى ديارى كرد، بەڵام پلانەكان بەو شێوەيە نەڕۆشتن كە ئەو دەيويست، چونكە بڕيار بوو مانگى سێى ئەمساڵ ئاهەنگى هاوسەرگيريەكەى ئەنجام بدات.
.
ڤايرۆسى كۆرۆنا جيهانى گرتەوەو خەونەكانى نائلەشى بۆ ڕۆژى هاوسەرگيرى لەباربرد، بۆيە نائلە و دەستگيرانەكەى كە ناوى "كاشف شودري"يە سەرجەم پلانەكانيان هەڵوەشانەوە، نائلە و كاشف خۆشەويستيەكەيان سنورى ولايەتەكانيشى بڕيبوو، نائلە لە شارى نيويۆرك دەژى و كاشف لە ولايەتى ئايوا.
.
پێش دوو هەفتە ئەم دوو دەزگيرانە توانيان ئيمامى مزگەوتى ناوچەى "هاوپۆرن" لە نيوجێرزى ڕازى بكەن كە دەرگاى مزگەوتەكەيان بۆ بكاتەوە و بەشێوەيەكى خێرا هاوسەرگيرى بكەن، ڕۆژى شەممەى ڕابردو نائلە و كاشف هاوسەرگيريان ئەنجامداو لەگەڵ خێزانەكانيان لە ماڵى دايك و باوكى نائلە لە "نيو وندسور" لە نيويۆرك ئاهەنێگى بچوكيان گێڕا، دواى ئاهەنگەكەش بە 12 كاتژمێر نائلە ناچار بوو لە فڕۆكەخانە ماڵئاوايى لە هاوسەرەكەى بكات كە گەڕايەوە بۆ ئايوا.
.
كاشف شودرى سەبارەت بە ماڵئاواييەكەى ئاماژەى بەوە داوە "بە كەمێك فرمێسك و خەمەوە ماڵئاواييمان لە يەكتر كرد.. هەروەها گوڵێكى سورم پێشكەش كرد".
.
ڕۆژى دوو شەممە نائلەش گەڕايەوە سەر كارەكەى.
.
نائلە يەكێكە لە گەورە پزيشكانى تايبەت لە بوارى نەخۆشيە هەناويەكان و سەرپەرشتى تيمێكى پزيشكان دەكات و لەنێوان نەخۆشخانەكانى نيويۆركدا دێن و دەڕۆن ( كە ئەو شارە ناوەندى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەيە لە ئەمريكا)، نائلە ڕۆژانە ماوەيەكى زۆر كار دەكات و دەڵێت "پزيشكەكان هەميشە هەوڵى ئەوە دەدەن ورەى يەكتر بەرز بكەنەوە ئەوەش لەڕێگەى پێدانى خواردن بە يەكترى و ناردنى ڤيديۆى پێكەنيناوى بۆ يەكتر.
.
باسى لەوەشكردوە " هەمومان باش دەزانين كە بارودۆخى نيويۆرك زۆر خراپە، بەڵام دەشزانين كە خراپترين هێشتا نەهاتوە.. هەرگيز پێموانەبوە كە من لە سەردەمى پەتايەكدا بژيم.
.
كاشف شودرى هاوسەرى نائلە تەمەنى 37 ساڵە و پسپۆڕى نەخۆشيەكانى دڵە و لەناوەندى ميرسى پزيشكى لە سيدار رابيدز لە ولايەتى ئايوا كاردەكات، بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە بەشێوەيەكى بەربڵاو سەرجەم ئەو نەشتەرگەريانەى دڵ كە دەتوانرێت دوابخرێن دواى خستوە ئەوەش لەپێناو پاراستن و دابينكردنى پێداويستى پزيشكى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسەكە.
.
هەرچەندە كاشف مێشك و بيركردنەوەى لاى نەخۆشەكانە لە ئايوا بەڵام دڵى لاى خۆشەويستەكەيەتى لە نيويۆرك و دەشڵێت "هەست بە دودڵى زۆر دەكەم بەهۆى نائلەوە، بەڵام بەڕاستى شانازى پێوە دەكەم".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە