ناس کورد-
بزوتنەوەى "عوسبەت سائیرین" هەڕەشەی دووبارە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا دەکات دوای ئەوەى گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاسمانیی باڵیۆزخانەکەى لە نزیکەوە گرت و بڵاویکردووە.
.
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بزوتنەوەکە بڵاویکردووەتەوە یەکەم ڤیدیۆی هاوشێوەیە و تەواوی باڵەخانە و دامەزراوەکانی باڵیۆزخانەکە دەردەکەوێت.
.
بزوتنەوەکە ڕاگەیەنراوێکی لەگەڵ ڤیدیۆکەدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەى گەلی عێراقی بەرگریکار، ئەوە باڵیۆزخانەی شەڕ و خراپەکارییە کە لەژێر دەستماندایە و لەژێر رەحمەتی موشەکەکانماندایە، ئەگەریش بمانەوێت دەیکەینە خۆڵەمێش، پێشتر پێمان ڕاگەیاندن کە لێدانەکانمان بە وردی دەپێکن."
.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەو بزوتنەوەیە هێرشە موشەکییەکەى چەند هەفتەى ڕابردووی سەر سەربازگەى تاجی لە باکوری بەغدا لەئەستۆ دەگرێت.
.
هاوکات هیشام هاشمی، شارەزای دیاری ئیستراتیژی عێراقی بە ناس کوردی وت، ڕێکخراوی عوسبەت سائیرین "ڕێکخراوێکە لەسەر ڕێبازی گروپە تایبەتەکان کە ساڵی 2007 دامەزراوە و بە (تیمی مەرگ) ناسراوە، گروپەکە لە شیعە ڕادیکاڵەکانن و بڕوایان بە بەرگریی و چەک هەیە، هاوکات دەیانەوێت شەڕی ئەمریکا بکەن لەڕێگەی شەڕی لێیدە و ڕابگە یان شەڕی شەقام بە شەقام."
.
وتیشی، "گروپەکە پشت بە ڕاهێنان و ڕێبازی حزبوڵای لوبنانی دەبەستێت بە تایبەت قوتابخانەى عیماد موغنییەیە."
.
ئاماژەى بەوەشکرد، "بەکارهێنانی موشەک هاوکاری ئەو ڕێکخراوە دەدات خۆی بسەلمێنێت بەشێوەی هێزێکی نادیار، ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتیش لە هێرشەکەى سەر سەربازگەی تاجی و سەربازگە ئەمریکییەکان لایەنەکانی تری شیعە دەپارێزێت لە تۆڵەى ئەمریکا.
[video width="640" height="352" mp4="https://www.nasnews.com/assets/uploads/2020/04/WhatsApp-Video-2020-04-03-at-12.00.10-AM.mp4"][/video]
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە