گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گومان لە ژمارەى توشبووانى عێراق بە ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكرێت

2020.04.02 - 23:40
گومان لە ژمارەى توشبووانى عێراق بە ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكرێت
ناس کورد-   ئاژانسى ڕۆيتەر گومان لە توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق دەكات و سێ پزيشك و بەرپرسێكى وەزارەتى تەندروستى و بەرپرسێكى سياسى عێراقيش بە ئاژانسەكەيان وتوە توشبووان هەزارەهان، بەڵام ژمارەكان ڕانەگەيەنراون، لە بەرامبەردا وەزارەتى تەندروستیى عێراق وەڵامى ئاژانسەكەى داوەتەوە و دەڵێت، كە ئەو ئاژانسە بەبێ هيچ بەڵگەيەك شتى بڵاوكردوەتەوە. ، ڕۆيتەرز بڵاويكردوەتەوە، ئەو سێ پزيشكە و بەرپرسەكەى وەزارەتى تەندروستى و بەرپرسە سياسيەكەى عێراق باسيان لەوەكردوە كە ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق بە هەزارانن، بەڵام وەزارەتى تەندروستى تا ئەم ساتە (2ی نیسانی 2020) تەنها 772 توشبوويان ڕاگەياندوە. ، ئەوەش هاتووە، دەسەڵاتدارانى عێراقى تيمە پزيشكيەكانيان ئاگادار كردوەتەوە كە بەهيچ شێوەيەك بۆ دەزگاكانى ڕاگەياندن قسە نەكەن، بەڵام وەزارەتى تەندروستى كە تاكە سەرچاوەى فەرميە بۆ بڵاوكردنەوەى ژمارەى توشبووان و گيانلەدەستدان بە ڤايرۆسەكە هيچ لێدوانێكيان لەسەر ئەو زانياريانە نەداوە بە ئاژانسەكە. ، ڕۆيتەرز ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، نامەى نوسين و دەنگيشى بۆ وتەبێژى وەزارەتى تەندروستیى عێراق ناردوە  و تێيدا پرسيارى ئەوەى كردوە كە ژمارەى ڕاستى توشبووان و گيانلەدەستدان چەندە ئەگەر زياترە لە ژمارە ڕاگەيەنراوەكان بۆچى ئاشكرا نەكراوە؟، بەڵام هيچ وەڵامێكى نەداوەتەوە. ، ئەو سێ پزيشكە كە لە تيمى پشكنينى گومانلێكراوان لە شارى بەغدا كاردەكەن تەئكيديان كردوەتەوە، بەپێى ئەو گفتوگۆيانەى لەگەڵ هاوڕێكانيان كردويانەو بەپێى داتا و زانياريەكانى ڕۆژانە ژمارەى توشبووان لە عێراق لەنێوان سێ بۆ نۆ هەزار كەسدايە، ئاژانسەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە هەريەك لەو پزيشكانە ژمارەیەکی جياوانيان وتوە. ، پێشتريش چەندين جار گومان لە ژمارەى توشبوان و گيانلەدەستدان بە ڤايرۆسەكە لە عێراق كراوە، بەڵام هەر ئەمڕۆ  پێنجشەممە 2ی نیسانی 2020، عادل عەبدولمەهدى، سەرۆكوەزيرانى كاربەڕێكەر ئەو ڕاپۆرتانەى ڕەتكردەوەو ئاماژەى بەوەدا، كە ناتوانرێت ژمارەى قوربانيانى ڤايرۆسەكە بشاردرێتەوە، تەئكيديشى كردەوە كە بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدايە و شەفافيەتێكى باڵا هەيە، ئەوەى گومان دەكات خراپە بەرامبەر خۆى و كەسوكارەكەشى دەكات و هاوكار نييە لە ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسەكە. ، لەلايەكى ترەوە وەزارەتى تەندروستیی عێراق وەڵامى ئاژانسى ڕۆيتەرزى داوەتەوەو لە ڕاگەيەنراوێدا باسى لەوەكردوە، هەندێك دەزگاى ڕاگەياندن بەبێ بونی تەنها بەڵگەيەكيش باس لە بوونى هەزارەها توشبووى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكات لە عێراق. ، ئەوەش هاتوە، ژمارەى توشبووان و گيان لەدەستدان دواى وردەكارى و دڵنيابوونەوە لەلايەن بەڕێوەبەرايەتیى تەندروستیى گشتى لە وەزارەت و بەڕێوەبەرايەتى تەندروستى لە بەغدا و پارێزگاكانەوە بڵاودەكرێنەوە، ئەوەش بەشێوەيەكى زۆر شەفاف و ڕۆژانە هەر لەسەرەتاى قەيرانەكەوە. ، وەزارەتى تەندروستیى عێراق تەئكيديشى كردوەتەوە، بڵاوكردنەوەى ئەو جۆرە هەواڵانە لەم كاتەدا دەبێتە هۆى كەمبونەوەى پابەندبونەكان بە قەدەغەى هاتوچۆ و ئەوەش واتاى زيادبوونى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەيە. ، رونيشيكردوەتەوە، بۆيە وەزارەتى تەندروستیى بەرپرسيارێتى ياسايى دەخاتە ئەستۆى ئەو ئاژانس و ڕاگەياندنانەى كە زانيارى هەڵە بڵاودەكەنەوە كە دەبێتە هۆى دروستبوونى هەڕەشەى ئەمنى و تەندروستى، هەروەها سەرجەم ڕێگە ياساييەكان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنى هاوڵاتيان لە بەلاڕێدا بردن.