ناس کورد-
ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى هۆشدارى دەداتە چينى گەنجان كە ئەوانيش پارێزراو نين لە ڤايرۆسى كۆرۆنا و ئەگەرى هەيە نيشانەى مەترسيدار و لەناوبەر لەوانيشدا دەركەوێت، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كە زۆرینەى قوربانيەكانى ڤايرۆسەكە لە چينى بەتەمەنەكانن.
،
لەو بارەيەوە "هانس كلۆگى" بەرێوەبەرى لقى ئەوروپاى ڕێكخراوەكە بە ڕۆژنامەنوسانى وتووە، 95%ى قوربانيانى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19 ئەوانەن كە تەمەنيان لەسەروو 60 ساڵەوەيە ئەوانيش 50%يان تەمەنيان لەسەروو 80 ساڵەوەيە.
،
ئاماژەى بەوەشداوە، لەهەمان كاتدا تەمەن تاكە هۆكار نييە كە بەهۆيەوە ڤايرۆسەكە هەڕەشە لەسەر توشبووان بكات و لەناوبەر بێت بۆيان، ئەو بيركردنەوەيەى كە دەڵێت ڤايرۆسەكە تەنها كاريگەرى لەسەر بەتەمەنەكان هەيە بيركردنەوەيەكى هەڵەيە بە تەواوەتى، گەنجانيش پارێزراو نين لە ڤايرۆسەكە.
،
كلۆگى باسى لەوەشكردوە، بەپێى داتاكان 10% بۆ 15% ى ئەو توشبوانەى كە تەمەنيان لە خوار 50 ساڵەوەيە بەدەست پەتاكەوە دەناڵێنن و نيشانەى مامناوەند ياخود قورسيان هەيە، هەروەها ئەوانەشى كە تەمەنيان لەنێوان 10 بۆ 30 ساڵە حاڵەتى مەترسيداريان تێدا تۆماركراوە.
،
ئەو بەرپرسەى ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى دانی بەوەشدا ناوە كە 80%ى قوربانيەكانى ڤايرۆسەكە لانيكەم يەك نەخۆشى درێژخايەنيان هەبووە، هەروەها نەخۆش هەبووە كە تەمەنى لە سەروو 100ساڵيشەوە بووە، بەڵام چاكبوەتەوە.
،
ڕونيشيكردوەتەوە، تائێستاش ئەوروپا گەورەترين ناوەندى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەيە لە ڕووى ژمارەى توشبووان و قوربانيشەوە، بەپێى داتاكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيش زياتر لە 30 هەزار گيانلەدەستدان لە ئەوروپادا هەيە بەهۆى كۆرۆناوە كە زۆرينەيان لە ئيتاڵيا، ئيسپانيا و فەرەنسان.
،
بەپێى دوايين ئامار ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2020، ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەسەرتاسەرى جيهاندا زياترە لە 960 هەزار و لەو ژمارەيەش زياتر لە 49 هەزار گيانيان لەدەستداوە و سەروو 203 هەزار توشبوش چاكبونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە