ناس کورد-
ڕەوتی حیكمەی شیعەكان لەعێراق، بەگرنگی دەزانێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و چەندین قەیرانی تر پێكهێنانی حكومەت تێپەڕێت و ئەوانیش ڤیتۆیان لەسەر هیچ كەسێك نیە.
.
حەسەن فەدعەم، پەڕلەمانتاری ڕەوتی حیكمە لەپەڕلەمانی عێراق بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، فراكسیۆنی حیكمە هیچ ناوێكی لە لیستی ناوە پێشنیاركراوەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەتنەكردووەتەوە و ڕەتنەكردنەوەی كاندیدیش بۆ ئەو پۆستە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراقدا بووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.
.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەڵوێستی فراكسیۆنەكان ڕوونە، ئەویش ئەوەیە هەموو لایەنەكانی دەرەوەی لیژنە حەوت كەسیەكە ڕۆڵببینن و ڕەوتی حیكمەش ناڕەزایی نەبووە لەكاندیدكردنی عەدنان زورفى بۆ پۆستەكە و بەلایەنە سیاسیەكانیشی گەیاندووە كە ڤیتۆی لەسەری نیە.
.
پەڕلەمانتارەكەی ڕەوتی حیكمە باسی لەوەش كرد، ڕەوتەكەی بەپێویستی دەزانێت زۆرینەی شیعەكان پشتیوانی زورفى بكەن بۆ تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكەی و جەختی لەوەش كردەوە، بەبێ ڕەزامەندی كورد و سوننە ئاستەمە كابینەكە پێبكهێنرێت.
.
فەدعەم ئەوەشی دركاند، زورفى گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكاندا دەكات و هیواشی خواست ئەو گفتوگۆیانە بەرهەمداربن و گەر نەشیتوانێت كابینەكەی پێكبهێنیت ئەوا داوای لێبوردن دەكات.
.
پەڕلەمانتارەكەی ڕەوتی حیكمە بەپێویستیزانی بۆ دەرچوونی عێراق لەقەیرانەكان ئەو ڕێگە دروستە بگیرێتە بەر بەتایبەت قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و چەند قەیرانێكی تر ئەوە دەخوازێت حكومەت پێكبهێنرێت.
.
دوای شكستهێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەپێكهێنانی كابینەكەی، سەرۆككۆماری عێراق لە 17ی مانگی ڕابرودو عەدنان زورفى بۆ پێكهێنانی كابینەكە ڕاسپارد و لەئێستادا گەڕی دانوستانەكانی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا دەستپێكردووە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە