ناس کورد-
نوسینگەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات رێکارى یاسایى دژى سۆران عومەر، پەرلەمانتارى کۆمەڵى ئیسلامى دەگرنەبەر و داواى لێدەکەن بەڵگەکانى رادەستى لایەنە یاساییەکانى هەرێم بکات.
.
لە رونکردنەوەکەى نوسینگەى سەرۆکى حکومەتدا هاتووە "دوابەدوای ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم، رێکارەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بووە جێگەی دەستخۆشی ، کەسانێک ویستیان بۆ شێواندنی ئەم دەسکەوتە خەلک چەواشە بکەن و بە ھەواڵی ساختە پێگەی سەرۆکی حکومەت بکەنە ئامانج ،لەوانەش سۆران عومەر پەرلەمانتاری سەر بە کۆمەڵی ئیسلامی هەندێ لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارانەی داوە کە گوایە، داهاتی حکومەت لە خەرجییەکانی زیاترە و هەروەها باسی لەوە کردووە کە سەرۆکی حکومەت گوایە خاوەنداریی بانکێک و کۆمپانیایەکی گەورە دەکات".
.
لەرونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لەم کات و ساتەدا کە حکومەتی هەرێم هەموو تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی تەندروستی وگیانی هاونیشتمانیان تەرخان کردووە، چاوەڕوانی ئەوە بووین دوور لە ململانێ سیاسییەکان هەموو لایەک بەشدار و هاوکار بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بەڵام بەداخەوە کەسانێک سەلماندوویانە کە هیچ کاتێک ناتوانن بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتیدا هەنگاو بنێن".
.
لە رونکردنەوەکەدا ئەو تۆمەتانە رەتکراونەتەوە کەلەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە ئاراستەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم کراوە و ئاماژە بەوە کراوە "لە پێناو ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ ھاووڵاتییانی خۆشەویستمان رێکاری ياسايی دەگرینە بەر. ئەم کەسە پێویستە بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنە یاساییەکان بکات، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستییانە لە ئەستۆ بگرێت".
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە