ناس کورد-
تەندروستى سلێمانى پلانى هەیە ڕوپێوییەک لە سلێمانى دەستپێبکات بۆ وەرگرتنى نمونەى جیاجیا لە شارەکە، تا لەرێگەى ئەنجامدانى پشکنینەوە بەرچاویان روونبێتەوە لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەم ماوەیەدا کە قەدەغەى هاتوچۆ درێژکراوەتەوە.
.
ماوەى چەند ڕۆژێکە تۆمارکردنى حاڵەتەکانى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە و لەماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێردا 26 حاڵەتى نوێی توشبوون ڕاگەیەنراون.
.
هێرش سەلیم، جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەرزبوونەوەى ژمارەکان ئاساییە، چونکە زۆربەى حاڵەتەکانى هەرێم بێ نیشانەن و لە پشکنینى ڕۆتینى دەردەکەون".
.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى لە ئێستادا بەگشتى لە هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 700 پشکنینى کۆرۆنا دەکرێت، لەکاتێکدا پێشتر ژمارەیەکى کەمى پشکنین دەکرا.
.
هێرش سەلیم وتى، "لەئێستادا ڕۆژانە 50 بۆ 60 پشکنین وەردەگرین، بەتایبەتى لەو شوێنانەى بەرکەوتەیان لەگەڵ توشبووەکان هەبووە".
.
وتیشى، "پشکنینەکان زیاتر دەکەین، پلانمان هەیە پشکنینى روپێوى بکەین و بەهەڕەمەکى لەناوچە جیاجیاکانى سلێمانى نمونە وەربگرین و پشکنینیان بۆ بکەین، تا زیاتر بەرچاومان رونبێتەوە لەبارەى توشبووانەوە".
.
هێرش سەلیم باسى لەوەکرد، ناتوانن هیچ پێشبینییەک بکەن تا بزانن دۆخەکە بەکوێ دەگات، بەتایبەتى لەم ماوەیەدا کە قەدەغەى هاتوچۆ درێژکراوەتەوە، تا ئەو پشکنینە روپێوییە نەکەن.
.
دوێنێ وەزارەتى ناوخۆ وادەى قەدەغەى هاتوچۆى تا 10ی نیسان درێژکردەوە، بە ئامانجى رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە