ناس کورد-
وەزيرى تەندروستیى عێراق ئاشكرايكرد، پێشبينى دەكەن لە كۆتاييەكانى مانگى پێنجی ئەمساڵ ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسىى كۆرۆنا لە عێراق بەرەو كەمبونەوە بچێت.
.
جەعفەرعەلاوى، وەزيرى تەندروستیى عێراق لە میانی بەرنامەيەكى تەلەفزيۆنيدا ئاماژەى بەوەدا: "بەپێى بۆچونە تايبەتيەكانى خۆم لە كۆتايى مانگى ئايار كەمبونەوەيەكى ئاشكرا لە ژمارەى توشبووانى عێراق بە ڤايرۆسى کۆرۆنا دەبينرێت، هەروەها لە كۆتايى مانگى حوزەيرانيش پەتاكە كۆتايى دێت".
.
وتیشی، "پێموايە كە گەلى عێراقى خۆشحاڵ دەبن و لە مانگى حوزەيران (مانگى 6) ئاهەنگى سەركەوتن بەسەر پەتاى كۆرۆنادا دەگێڕێن".
.
بەپێى دواين ئامار، 702 توشبووى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەسەرتاسەرى عێراق (بە هەرێمى كوردستانيشەوە) تۆماركراون، لەو ژمارەيەش 50 كەس گيانيان لەدەستداوەو 170 توشبووش چاكبونەتەوە.
.
ڤايرۆسى كۆرۆنا كە لە كۆتاييەكانى ساڵى 2019 لە شارى ووهانى چين دەركەوت و دواتر زۆرينەى وڵاتانى جيهانى گرتەوە تائێستا نزيكەى 850 هەزار كەسى لە جيهاندا توشكردوەو زيانر لە 41 هەزاريان گيانيان لەدەستداوە، وڵاتەكانى ئەمريكا، ئيتاڵيا، ئيسپانيا، چين، ئەڵمانيا، فەرەنسا، ئێران، بەريتانيا، سويسرا، توركيا و زۆرينەى وڵاتانى ئەوروپا لە زەرەرمەندترين وڵاتەكانن بەهۆى پەتاكەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە