ناس کورد-
یهكگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، ئەرکى حکومەتی هەرێمە بەزووترین کات نیگەرانی و دڵەراوکێی فەرمانبەران نەهێڵێت بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە كه لەم دۆخە ناهەموارەدا دروستبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکرێت لە ژێر هەرناو و ناونیشان و پاساوێکدا دەست ببرێت بۆ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران.
.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئازاری 2020، ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەسەرپەرشتی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی لەرێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدا و "جەختی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە":
.
1- ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە ئێستا قەیرانێکی جیهانیە و وڵاتی ئێمەشی گرتۆتەوە و هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرێوە دەچێت جێگای دەست خۆشی و نرخاندنە وئەرکى هەموولایەکە پشتیوانى و هاوکارى بکرێ.
.
2- ئەرکى حکومەتی هەرێمە هاوتەریب لەگەڵ بەرێوەبردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا بەردەوام بێت لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا و بەزووترین کات ئەو نیگەرانی و دڵەراوکێ یەی فەرمانبەران نەهێڵێ کە بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە لەم دۆخە ناهەموارەدا دروستبووە.
.
3- حکومەتی هەرێم لەم دۆخەدا ناکرێ لە ژێر هەرناو و ناونیشان و پاساوێکدا دەست ببات بۆ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، هەروەک پێویستە لەئەگەری درێژە کێشانی دۆخەکە رەچاوی حاڵەتی مەترسی بێکاری و داخستنی جوڵەی بازاڕ و کارگە و کۆمپانیاکان و کشتوکاڵ بکات بە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجا و دابینکردنی بژێوی هەموو ئەوانەی کە ئێستا بێکاربوونە، چونکە ئاشکرایە کە گرانی و کێشەی ئابووری ئەو توێژانە کەمتر نیە لە کێشە تەندروستیەکە.
.
4- لەبەرانبەر ئەم پێشهات و قەیرانانەوە دەبێت هەموولایەک یەک دەنگ و هاوکاربین، بۆیە جەختدەکەینەوە لەسەر هەماهەنگی دامودەزگا حکومی و حزبیەکان و رێگرتن لەهەر ناکۆکی و پێکدادانێکی حزبی، کە بەداخەوە جاروبار گوێبیستی دەبین و میزاجی هاوڵاتیان بەو جۆرە هەواڵ ودەنگۆ و هەناسانە هێندەی تر تێکدەچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە