ناس کورد-
چەندین وڵات ڕەتیانکردووەتەوە ئامێر و کەلوپەلەکانى چین بەکاربهێنن بۆ بەرەنگاربونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، کە وەک هاوکارى لەلایەن ئەو وڵاتەوە پێشکەشیان کراوە.
.
هەزاران ئامێرى پشکنین و دەمامکى پزیشکى کە لەلایەن چینەوە ڕەوانەى ئەو وڵاتانە کراون، لەگەڵ پێوەرە داواکراوەکان یەکناگرنەوە، هەندێکى دیکەشیان گرفت لەدروستکردنیاندا هەیە، بەوتەى دەسەڵاتدارانى ئیسپانیا و تورکیا و هۆڵەندا.
.
وەزارەتى تەندروستى هۆڵەندا، ڕۆژى (شەممە) کێشانەوەى ٦٠٠ هەزار دەمامکى ڕاگەیاند، کە رۆژى ٢١ى ئازار لە چینەوە پێیان گەیشت، ئەوەش پێش دابەشکردنى بەسەر تیمە پزیشکییەکاندا کە لە هێڵى پێشەوەى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکەن.
.
دەسەڵاتداران دەڵێن، پێوەرەکانى دەمامکەکە گونجاو نین و بەپێی پێویست کارناکەن، سەرەڕاى بوونى بڕوانامەى کوالێتى کە لەگەڵ ئامێرەکاندا ڕەوانەى ئەو وڵاتە کراوە. بەو هۆیەشەوە وەزارەتى تەندروستى هۆڵەندا بەخێرایی بەکارهێنانى سەرجەم کەلوپەلەکان چینى هەڵپەسارد.
.
تەنها ئیتاڵیا نییە کە روبەڕووى ئەو گرفتە بوبێتەوە، بەڵکو حکومەتى ئیسپانیاش گرفتى هاوشێوەى هەیە لەگەڵ ئەو ئامێرە پشکنینانەى کە لەکۆمپانیایەکى چینى داوایکردبوو.
.
حکومەتى ئیسپانیا ڕایگەیاند، سەدان هەزار ئامێرى پشکنینى بۆ بەرەنگاربوونەوەى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا کڕیوە، بەڵام دواى چەند رۆژێک دەرکەوتووە کە نەیانتوانیوە بەو ئامێرانە لە پشکنینى نزیکەى ٦٠ هەزار کەس دڵنیابنەوە.
.
باڵیۆزخانەى ئیسپانیا لە چین دەڵێت، کۆمپانیاکە مۆڵەتى فەرمى نەبووە لەلاى دەسەڵاتدارانى پزیشکى چین بۆ فرۆشتنى بەرهەمەکانى.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەشێکى دیکە لە کەلوپەلەکان لەلایەن حکومەتى چینەوە نێردراون.
.
لاى خۆشیەوە، تورکیا ڕایگەیاند بەشێک لە ئامێرەکانى پشکنین کە لە کۆمپانیا چینییەکان داوایانکردووە بەشێوەى پێویست ورد نین، هەرچەندە نزیکەى ٣٥٠ هەزار لەو ئامێرانە بەباشى کاردەکەن.
.
بانگەشەکانى بوونى گرفت لەو ئامێرو کەلوپەلانە، دواى ئەوەهات کە ڕەخنەگران هۆشداریى ئەوەیاندا کە ڕەنگە چین بیەوێت پەتاى کۆرۆنا بەکاربهێنێت بۆ زیادکردنى هەژمونى خۆى لەجیهاندا.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە